تورکیا نەتەنیاهوو بە 'هیتلەری سەردەم' ناودەبات و نەتەنیاهووش دەڵێت: ئەردۆغان 'کوردکوژە'
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی قسەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە، کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای کردبووە ئامانج.
وەزارەتەکە شەوی شەممە 11ی نیسانی 2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ''نەتەنیاهوو، کە بەهۆی ئەو تاوانانەی کردوونی، وەک هیتلەری سەردەمی ئێمە ناوزەند دەکرێت، ناسنامە و دۆسیەکەی روون و ئاشکرایە.''
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو لەلایەن دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە. ئیسرائیل لەژێر دەسەڵاتی نەتەنیاهوو، بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی دادگایی دەکرێت."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "ئامانجی ئێستای نەتەنیاهوو، تێکدانی دانوستاندنەکانی ئاشتیی بەردەوام و بەردەوامبوونە لە سیاسەتی فراوانخوازیی خۆی لە ناوچەکە. ئەگەرنا لە وڵاتەکەی خۆی دادگایی دەکرێت و ئەگەری زۆرە سزای زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێندرێت."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هێرشی تووند دەکاتە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دەڵێت، "بە ئامانجگرتنی بەڕێز سەرۆککۆمارمان بە تۆمەتی بێ ئاست، بێ شەرمانە و پڕ لە درۆ، دەرئەنجامی ئەو بێزارییەیە کە بەهۆی ئەو راستییانەوە دروست بووە کە لە هەموو سەکۆیەکەوە دەریدەبڕین."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی شەممە 11ی نیسانی 2026 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا رایگەیاند، درێژە بە شەڕی دژی ئێران دەدات و هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای کردە ئامانج.
نەتەنیاهوو، لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "لە ژێر سەرکردایەتیی مندا، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن دژی رژێمی تیرۆری ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی؛ بە پێچەوانەی ئەردۆغانەوە، ئەو لەگەڵ ئەو لایەنانەدا سازش دەکات و هاووڵاتییە کوردەکانی خۆی کۆمەڵکوژ کردووە."