کۆڕبەندی ئاسایشی جیهانی لە دەوحە؛ تاڵیبان و کۆرۆنا مژاری سەرەکین


رووداو دیجیتاڵ

لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لە کۆربەندی ئاسایشی جیهانی قسە لەسەر ئاڵنگارییە دیار و نادیارەکان دەکرێت، کە ئاسایشی جیهانیان شێواندووە، لەوانە هەڕەشەی گرووپە چەکدارییەکان و هەروەها ئەو ناسەقامگیرییەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دروستبووە.  
 
شێوازی حوکمڕانیی تاڵیبان کە تاوەکو ئێستا رەزامەندیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستنەهێناوە، یەکێک دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە.
 
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، "کردەوەکانی ئەمدواییە کە لە ئەفغانستان بینیومانن هەنگاوی زۆر بێهیواکەربوون، هەندێ هەنگاو بەرەو دواوە نراون. دەبێ بەردەوامبین لە هەوڵەکانمان، هەروەها بەردەوام داوایان لێبکەین کە کرداری لەمجۆرە نەنێن، لە هەوڵی ئەوەشدابووین پێشانی تاڵیبانی بدەین وەکو دەوڵەتێکی ئیسلامی کە وڵاتانی ئیسلامی چۆن یاساکانیان پەیڕەو دەکەن و چۆن مامەڵە بکەن لەگەڵ پرسی ژنان."
 
لە کۆڕبەندی ئاسایشی جیهانی قسە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆناش دەکرێت کە چۆن کاریگەری بەسەر هاوبەشی و هاوئاهەنگی نێوان وڵاتان هەبووە، وایکردووە حکومەتەکان سیاسەت و ستراتیژی خۆیان داڕێژنەوە و خۆیان بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی ڤایرۆسی مەترسیدارتر ئامادەبکەن. 
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، "ترسمان هەیە ئەگەر لێبگەڕێین ئەو نایەکسانییە هەروا بەردەوامبێت، لێبگەڕێین ئەو ڤایرۆسە وەکو ئاگری دارستانەکانی باشووری گۆی زەمین بڵاوبێتەوە، مەترسی هەیە رۆژێک کە ئەو رۆژە لەوانەیە بەزوویی بێت، گۆڕاوی دەلتا نەمێنێت، بەڵام گۆڕاوێکی دیکە بێت کە بەرهەڵستی ڤاکسین و هەموو هەوڵی کوتانی خەڵک بکات کە لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە تەواوی دانیشتووانیان جارێک دوو جار یا سێ جار ڤاکسین کراون، هەموو ئەو هەوڵانە شکستدەهێنن و ئەو خەڵکەش پارێزراو نابن."
 
لەو کۆڕبەندەدا جۆن گادفرێی، نێردەی بەوەکالەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیی ئەمریکی قسە لەسەر بەردەوامیی هەڕەشەی داعش و بەکارهێنانی تاکتیکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەیان دەکەن.
 
لەدوای کشانەوەیان لە ئەفغانستان، ئەمریکا نموونەیەکی لەو تاکتیکە ئاشکراکرد کاتێک لە دوو هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئەفغانستان دوو سەرکردەی دیاری داعشی خوراسانی کوشت و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویشی تەقاندنەوە.