سوودانی لیژنەیەک بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی غەززە پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ وەرگرتنی ئەو بەخشین و یارمەتییانەی بۆ فریاکەوتنی هاووڵاتییانی گەمارۆدراوی کەرتی غەززە لە فەلەستین کۆدەکرێنەوە، پێکهێناوە و فەرماندەیی هێزی بەرگریی عێراقی دیاریکردووە بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان.
شەوی پێنجشەممە، 12-10-2023، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە: "بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاردرا لیژنەیەک پێکبهێندرێت کە ئەرکی کردنەوەی نووسینگەیەک دەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو بەخشین و یارمەتییانەی بۆ گەلی فەلەستین کۆدەکرێنەوە."
گوتیشی، "شوێنی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان لە بارەگای فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی لە بەغدا دەبێت کە دەکەوێتە نزیک گۆڕەپانی عەباسی کوڕی فڕناس، دواتر میکانیزمی وەرگرتن و رادەستکردنیش رێکدەخرێت."
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: "سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە لیژنەکە یەکسەر کارەکانی دەستپێبکات و هەر ماوەی جارێک ئەنجامەکانی بخرێتە بەردەستی."
لە 7ـی ئەم مانگەوە شەڕ چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـیان دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل و لەوکاتەوەش ئیسرائیل بەردەوام کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ هێور بوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت.
لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە، لانیکەم هەزار و 300 کەس لە نێو ئیسرائیلدا کوژراون و سەرووی سێ هەزاری دیکەش برینداربوون، ئەمە وەک بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە.
لە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر کەرتی غەززە، هەزار و 417 کەس کوژراون کە 447یان منداڵ و 248یان ژنن، هەروەها 6 هەزار و 268ی دیکەش برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە.