نەتەوە یەکگرتووەکان: هاوکاریی پەنابەران دەکەین ئێران جێبهێڵن


رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هاوکاریی کۆمەڵێک پەنابەر دەکات کە بەهۆی جەنگەوە لە ئێران گیریان خواردووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە داواکاریی سەتان پەنابەری دیکەی بۆ هاوکاری پێگەیشتووە تاوەکو ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
 
 رۆژی هەینی، 13ـی ئاداری 2026، رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ رایگەیاند، پەنابەرانی نێو ئێران لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردان، بەهۆی بۆردوومانە چڕەکان و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، چونکە ئەوان وەک هاووڵاتییانی ئێرانی خاوەنی ئەو تۆڕە پشتیوانییانە نین کە لە کاتی تەنگانەدا سوودی لێ دەبینن. 
 
ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە "ئامادەیە بۆ پشتیوانیکردنی پەنابەران و هاووڵاتییانی وڵاتانی سێیەم کە لەنێو ئەم تەنگژەیەدا گیریان خواردووە".
 
زیادبوونی داواکاری بۆ گەڕانەوە
 
دەیڤید جۆن، بەڕێوەبەری نیشتەجێکردن و بەڕێوەبردنی جووڵە لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە جنێڤ بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ئێمە پێشتر هاوکاریی هەندێک پەنابەرمان کردووە بۆ ئەوەی لە ئێرانەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان."
 
 دەیڤید جۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا داواکارییەکان بە سەدانن و ژمارەکە رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت، پێشبینیش دەکرێ داواکاریی وڵاتان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان بگاتە "هەزاران" کەس.
 
ئەم جەنگەی کە لە 28ی شوباتەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە و بووەتەهۆی شۆکێکی گەورە لە بازاڕی نەوت. کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، 3.2 ملیۆن کەس لە نێو ئێران ئاوارە بوون. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران میوانداریی گەورەترین ژمارەی پەنابەران لە جیهاندا دەکات، کە ملیۆنان ئەفغانی و سەدان هەزار عێراقی تێدایە.
 
پێویستی بە رێگەی سەلامەت بۆ گەڕانەوە هەیە
 
دەیڤید جۆن گوتی، گەورەترین رێگر لەبەردەم پرۆسەی گواستنەوەی پەنابەران، نەبوونی "سەرچاوەی داراییە". بەڕێوەبەری نیشتەجێکردن و بەڕێوەبردنی جووڵە لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ گوتی، ئەم ئۆپەراسیۆنانە تێچوویەکی زۆریان هەیە، بۆ نموونە گواستنەوەی 200 کەس پێویستی بە 600 تاوەکو 700 هەزار دۆلار هەیە.
 
سالڤادۆر گوتێرێز، بەرپرسی نێردەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە ئێران، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند کە پەنابەرانیش لەنێو قوربانییە سڤیلەکانی ئێراندا هەن، ئەمەش "پێویستیی دابینکردنی رێگەی سەلامەت و رێکخراو بۆ گەڕاندنەوەیان" زیاتر دەکات.
 
پەنابەران لە لوبنانیش دۆخیان باش نییە
 
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک باڵێۆزخانە لە لوبنان -کە ئەویش بەهۆی جەنگەکەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە- داوای هاوکارییان کردووە بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییەکانیان.
 
ماتیۆ لوچیانۆ، بەرپرسی نێردەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە لوبنان، رایگەیاند کە بەپێی خەمڵاندنەکانیان، لانیکەم 30 هەزار پەنابەر لە کۆی 200 هەزار پەنابەری نێو لوبنان، ئاوارە بوون. 
 
ئامارە فەرمییەکانی لوبنان دەریدەخەن کە لەو وڵاتەدا 687 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و زیاتر لە 800 هەزار کەسیش ئاوارە بوون. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە 94 هەزار هاووڵاتی سووریایی و 10 هەزار لوبنانی لە لوبنانەوە بەرەو خاکی سووریا هەڵاتوون.