ئیبراهیم کاڵن و ئیسماعیل هەنییە لە دەوحە کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە کۆبوونەوە.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە (12ـی ئایار) ئیبراهیم کاڵن لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە و شاندی یاوەری لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەنییە ستایشی رۆڵی تورکیای کردووە لە قۆناخی دانوستاندنەکاندا لەگەڵ ئیسرائیل و باسی دوایین بارودۆخی دانوستاندنەکان، هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە کراوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، بۆ گەیشتن بە واژۆکردنی ئاگربەست بەرپرسیاریێتی سەرەکی لە ئەستۆی ئیسرائیلدایە، جگە لەوەش پرسی رێگەدان بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی زیاتر، تاوتوێ کراوە.
سەرەڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی رەفەحی دەستپێکردووە و ئەو پێشنیازەشی کە حەماس بۆ ئاگربەست پێی رازی بوو، رەتکردووەتەوە. حەماسیش پێیوایە ئەوەی ئیسرائیل دەیکات هەموو شتەکان دەباتەوە خاڵی دەستپێک.