ئیسرائیل گەورەترین نەخۆشخانەی ژێرزەوی بۆ جەنگ ئامادە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری حەیفای باکووری ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان لەئەگەری فراوانبوونی جەنگەکەیان لە دژی فەلەستین و بەشداریکردنی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنانەوە، ئیسرائیلییەکان گەورەترین نەخۆشخانەی ژێرزەوی لە جیهاندا بۆ دۆخی نائاسایی ئامادە دەکەن.
مایکڵ بێرتاڵ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رامبام لە حەیفای ئیسرائیل دەڵێت، "نەخۆشخانەکە سێ نهۆمە هەر نهۆمێک 20 هەزار مەتر چوارگۆشەیە. کە لە رۆژانی ئاساییدا گەراجی ئۆتۆمبێلە و لە کاتی نائاساییشدا، دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەی ژێرزەوی لە جیهاندا کە 20 هەزار قەرەوێڵەییە."
مایکڵ بێرتال، باس لەوە دەکات، "ئێمە چاوەڕێی پێشهاتەکانین لە باکوور، بەڵام ئەگەر پێویست بکات، نەخۆشخانەکانمان بێنینە ژێرزەوی، ئێمە دەتوانین لەماوەی هەشت کاژێردا ئەو کارە بکەین و هەموو نەخۆش و ستافەکە لە هەر هێرشێک پارێزراو دەبێت و تەواوی کارەکانیش بە ئاسایی دەڕۆن. لەم شوێنەدا جێگەی هەشت هەزار کەس دەبێتەوە و بە تەواوی توانا تەندروستی و پزیشکییەوە و خۆبەڕێوەبەرە و بێ هیچ هاوکارییەکی دەرەکی دەتوانین بۆ سێ رۆژ بەردەوام بین."
لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس لە 7ی تشیرینی یەکەم، نزیکەی 2900 کەس لە هەردوولا کوژراون و نزیکەی 10 هەزار کەسیش برینداربوون.
لە دوای هێرشەکانی حەماس لە باشووری ئیسرائیل، لە باکووریشەوە و لەسەر سنووری لوبنان، حیزبوڵڵا ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل کرد و ئیسرائیلییەکانیش وەڵامیان دانەوە.
ئێستا ترس هەیە حیزبوڵڵاش لە باشووری لوبنانەوە بێتە نێو جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماسەوە.
دان کامون، سەربازی یەدەگی سوپای ئیسرائیلە و دەڵێت: "رۆڵی سوپا ئەوەیە هاوکار بێت لە ئامادەکردنی ئەم نەخۆشخانەیە لەم گەراجەدا. ئەگەر زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ بدرێت، یان مووشەکێک ئاراستەی ناوچەکە بکرێت، ئەوا ئێمە هاوکار دەبین لە گواستنەی سەرجەم نەخۆش و ستاف و کەلوپەلەکان بۆ ژێرزەوی."
ئەو نەخۆشخانەیە لە ساڵی 2007 بەردی بناخەی دانرا و لەساڵی 2010 تەواو بوو و 140 ملیۆن دۆلاری تێچووە. تائێستا 50 برینداری سەختی شەڕەکەی باشووری ئیسرائیلی وەرگرتووە و چارەسەریان دەکات.