رێککەوتنی ئاشتیی غەززە واژۆ کرا؛ 'ئێستا هەمووان دڵخۆشن'


رووداو دیجیتاڵ 

رێککەوتنی "ئاشتیی غەززە" بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ  و چەندین سەرۆکی وڵاتانی جیهان لە میسر واژۆ کرا. ترەمپ گوتی، "ئەمە رۆژێکی مەزنە بۆ جیهان." 
 
رۆژی دووشەممە، 13-10-2025، زیاتر لە 10 سەرۆک و سەرکردەی جیهان لە شاری شەرم شێخی میسر و لە لووتکەی "ئاشتیی غەززە" ئامادەبوون. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، عەبدولفەتاح سی سی، سەرۆکی میسر، شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر رێککەوتنەکەیان واژۆ کرد. 
 
رێککەوتنەکە "سێ هەزار ساڵی خایاند"
 
رێککەوتننامەکە لەنێو فایلێکی سەوزدا ئامادەکرابوو، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە گوتی، "سێ هەزار ساڵی خایاند تاوەکو گەیشتینە ئەم خاڵە، باوەڕ دەکەن؟."
 
دوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی میسر، تورکیا و میری قەتەریش واژۆیان کرد.
 
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە رایگەیاند، "ئەمە رۆژێکی مەزنە بۆ جیهان، رۆژێکی مەزنە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
سەرۆکی ئەمریکا پەسنی عەبدولفەتاح سی سی کرد و گوتی، "رۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو لەگەڵ حەماس، رێز لە سەرکردایەتیی میسر بگرن."
 
سەرۆکی میسر لە لووتکەکە رووی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و گوتی، "دڵنیابووم تۆ تاکە کەسی، بەڕێز سەرۆک، کە دەتوانی ئەم جەنگە کۆتایی پێبهێنیت، ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە بەدیبهێنێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە رایگەیاند، "ئێستا هەمووان دڵخۆشن." ترەمپ گوتی، هەمووان باسی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانییان دەکرد، بەڵام "ئەمە روونادات."
 
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئاگربەستەکە گوتی، قۆناخی دووەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ئەمڕۆوە دەچێتە واری جێبەجێکردن.
 
میسیر میوانداری کۆنفرانسێکی تایبەت بە بنیاتنانەوەی غەززە دەکات
 
عەبدولفەتاح سی سی باسی لە قۆناخی بنیاتنانەوەی غەززە کرد و گوتی، وڵاتەکەی میوانداری کۆنفرانسێکی تایبەت بە بنیاتنانەوەی غەززە دەکات. 
 
سەرۆکی میسر گوتی، "میسر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا لە چەند رۆژی داهاتوودا میوانداریی کۆنفرانسێک دەکات بۆ بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە."
 
دیداری ترەمپ و مەحموود عەباس
 
دۆناڵد ترەمپ لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین وێنەیەکی گرت، دەستیان لەنێو دەستی یەکنا و پێکەنین.

 

 
دیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ و مەحموود عەباس، دوای ئەوە دێت، مانگی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا ڤیزای بە مەحموود عەباس و ژمارەیەک بەرپرسی فەلەستینی نەدا بۆ ئەوەی بەشداریی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن. 
 
دوایین دیداری مەحموود عەباس لەگەڵ ترەمپ، ساڵی 2017 بوو لە خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی. 
 
فایلی رێککەوتنەکە چی تێدا نووسرابوو؟
 
دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی "ئاشتیی غەززە"، دۆناڵد ترەمپ دەقی رێککەوتننامەکەی بە واژۆی خۆیەوە بەرزکردەوە.

 

ئەمەی خوارەوە دەقی رێککەوتننامەی "ئاشتیی غەززە"یە. 
 
 ئێمە هەوڵی لێبوردەیی، کەرامەت و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو کەسێک دەدەین، دڵنیاین ئەم ناوچەیە شوێنێکە کە هەمووان دەتوانن بە ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانیی ئابوورییەوە بەدوای ئامانجەکانیاندا بگەڕێن.
 
ئێمە بەدوای بینینێکی گشتگیردا دەگەڕێین بۆ ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانیی هاوبەش لە ناوچەکەدا کە لەسەر بنەماکانی رێزی دوولایەنە و چارەنووسی هاوبەش دامەزراوە.
 
لەم چوارچێوەیەدا، پێشوازی لە پێشکەوتن دەکەین لە دامەزراندنی رێککەوتنێکی ئاشتی گشتگیر و هەمیشەیی لە کەرتی غەززە، هەروەها پەیوەندییەکی دۆستانە و قازانجبەخش لە نێوان ئیسرائیل و دراوسێکانی لە ناوچەکەدا. بەڵێن دەدەین کە بە کۆمەڵ کاربکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم میراتە... کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن بەیەکەوە لە ئاشتیدا بژین.