پەرلەمانتارێکی جەهەپە بۆ حکومەتی تورکیا: کورد وەکو زڕبرا مەبینن
رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، لە تورکیا مشتومڕی سیاسیی لەنێو پەرلەمان دروستکردووە.
فراکسیۆنی دەم پارتی لە دانیشتنی پەرلەماندا، ئەنقەرەیان بە "خۆشکردنی ئاگری شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریا" تۆمەتبار کرد.
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی دەم پارتی، لەو بارەیەوە لەنێو پەرلەمانی تورکیادا هۆشداری بە حکومەتی تورکیادا و گوتی: "ئەو هێزانەی وەکو هەتەشە و داعش پێناسە دەکرێن، دەیانەوێت لە حەلەب کورد قڕ بکەن. سەیری بکەن، کورد تووڕەن. هۆشیارییەکی کوردی دروست دەبێت. ئیدی کوردانی هەر چوار پارچە پێکەوە دەجووڵێن. پێویستە چیدی بەرپرسانی حکومەت بە بەنزین نزیکی ئەم ئاگرە نەکەونەوە."
لەلایەکی دیکە سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد، رووی دەمی لە ریزەکانی ئاکپارتی کرد، ئەو رەخنەی لە سیاسەتی حکومەتی تورکیا لە سووریا گرت و بە دەنگێکی بەرز داوای کرد، دەبێت حکومەت هەڵوێستی خۆی بەرامبەر کورد بگۆڕێت.
پەرلەمانتارەکەی جەهەپە رایگەیاند: "ئێوە ئەو هاووڵاتییانەمان کە لەوێن (لە سووریا)، واتە برا هاووڵاتییە کوردەکانمان، وەکو برای راستەقینە نابینن و وەکو زڕبرا دەیانبینن. هەر لەبەر ئەوەیە ئەمڕۆ پشتگیری لەم سیاسەتانە دەکەن."
لەوکاتەی پەرلەمان خەریکی کۆبوونەوە بوو، لە بەردەم دەروازەی سنووریی یایلاداغ لە هاتای لەگەڵ سووریا، بە پێشەنگیی دەم پارتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی خۆپێشاندانێکی فراوان کرا.
ئەوان پشتگیریی خۆیان بۆ کوردی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەربڕی.
لەلایەکی دیکەش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە حەلەب گوتی: "چارەنووسی کورد و تورک یەکە و ئێشی کوردانی حەلەب ئێشی ئێمەیە."