لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل چی روویدا؟

رووداو دیجیاڵ 

دواجار کاژێری سفری ئێران بۆ هێرش هات و سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە بە زیاتر لە 200 مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە تۆڵەی کوژرانی ژمارەیەک بەرپرس و ئەندامیان لە هێرشێکدا لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، بەڵام هێرشەکانی ئێران زیانێکی ئەوتۆیان نەبوو. 
 
هێرشەکە دەوروبەری کاژێر 11:00ـی شەوی شەممە، 13-4-2024 دەستیپێکرد. ئێران لە رێگەی مووشەکی کرووز و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشەکەی ئەنجامدا. 
 
بەشێک لە درۆن و مووشەکەکان بە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبوون کە ژمارەیەکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکاوە خرانەخوارەوە. ئیسرائیل دەڵێت، خۆیان و هاوپەیمانەکانیان زۆربەی زۆری ئەو درۆن و مووشەکانەیان بەرپەرچداوەتەوە کە ئاراستەیان کراون. 

 

 
یەک بریندار و زیانێکی کەم
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە چەند کاژێرێک دوای دەستپێکی هێرشەکە رایگەیاند، "زیانێکی کەم بەر بنکەیەکی سەربازیمان کەوتووە." بنکەکە دەکەوێتە باشووری ئیسرائیل، بیابانی ناگڤ، نزیک شارۆچکەی ئەراد. 
 
هەروەها تیمەکانی فریاکەوتنی ئیسرائیل رایانگەیاند، هیچ کەسێک راستەوخۆ بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بریندار نەبووە، بەڵام چارەسەریان بۆ 31 کەس کردووە کە لەکاتی هەڵاتن بۆ پەناگەکان بە سووکی برینداربوون، یان تووشی شڵەژانی دەروونی بوون. 
 
ئەوەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراوەتەوە ئەوەیە؛ تەنیا منداڵێک بریندار بووە کە برینەکەی سەختە، منداڵەکە پارچەی ئەو مووشەکانە بە سەری کەوتووە، کە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تەقێندراون بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکان. 
 
حکومەتی ئیسرائیل لەبارەی ئەوەی ئایا ئێران پێش هێرشەکە لە کات و جۆرەکەی ئاگاداری کردوونەتەوە بە کەناڵی عەرەبیەی راگەیاندووە، نە ئەو قسەیە رەت دەکەنەوە، نە پشتڕاستیشی دەکەنەوە. 
 
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئێرانی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە "گرنگترین بنکەی ئاسمانیی ئیسرائیلی لە نەقەب، بە سەرکەوتوویی بووە ئامانجی مووشەکی خەیبەر. وێنە و داتاکان پێشانیدەدەن کە بنکەکە گورزێکی سەختی بەرکەوتووە."
 
بایدن و هەڵوێستی ئەمریکا 
 
سەرۆکی ئەمریکا دوای پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانی کرد و رایگەیاند، بەهۆی سیستمی بەرگریی ئەوانەوە، ئیسرائیل بە نزیکەی هەموو درۆن و مووشەکەکانی ئێرانی تێکشکاندووە. 
 
جۆ بایدن بە بنیامین نەتەنیاهووی گوتووە کە ئیسرائیل توانایەکی باشی پێشانداوە لە بەرگریکردن لە خۆی و کە ئەوەش پەیامێکی روونە بۆ دووژمنەکانی بەوەی ناتوانن هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکەن. 
 
جۆ بایدن باسی هاوکاریی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە و دەڵێت "بە فەرمانی من و بۆ پاڵپشتیی بەرگریی ئیسرائیل، لە هەفتەی پێشوودا سوپای ئەمریکا فڕۆکە و سیستمی تێکشکێنەری مووشەکی بالیستی لە هەرێمەکە جێگیرکرد. بەهۆی ئەو سیستمانە و توانا و شارەزایی سەربازانمان، هاوکاریی ئیسرائیلمان کرد بەنزیکەی هەموو ئەو مووشەک و درۆنانە بەرپەرچ بداتەوە کە ئاراستەی کرابوون."
 
سبەی وەکو سەرۆکی ئەمریکا باسی دەکات، لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی G7 کۆدەبێتەوە تاوەکو وەڵامێکی دیپلۆماسیی یەکگرتووانەی ئێران بدەنەوە. 
 
جۆ بایدن ئەوەشی گوتووە، لەکاتێک هێرش نەکراوەتە سەر هێز و بنکەکانیان، بە وریایی دەمێننەوە بۆ هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕوویان ببێتەوە و هیچ دوودڵ نابن لەوەی هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی خۆیان و خەڵکەکەیان بگرنەبەر. 
 
کاردانەوەی وڵاتان
 
وڵاتانی دۆستی ئیسرائیل زوو هاتنە سەر هێڵ و سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران و پاڵپشتییان بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە، لەوانە بەریتانیا و کەنەدا. هەروەها بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا. 
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە بێباکانەکەی ئێران دەکات بۆ سەر ئیسرائیل و بەو هێرشە ئێران جارێکی دیکە پێشانی دا کە تۆوی ئاژاوە لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەی خۆیدا دەچێنێت. 
 
سووناک دەڵێت، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و هەموو هاوبەشە هەرێمییەکانمان لەنێوانیاندا عێراق و ئوردن. 
 
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەم هەڵچوونە مەترسیدارە دەکەم کە خۆی لە هێرشی گەورەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەبینێتەوە، داوای وەستاندنی دەستبەجێی ئەم دووژمنکارییانە دەکەم." 
 
گۆتێرێز دەڵێت، نە ناوچەکە و نە جیهانیش بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرن. 
 
ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشی درۆنی و مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائل دەکات. 
 
کۆبوونەوەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە داواکراوە و دەڵێت، "هێرشەکە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی."