وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئێران تاوەکو کۆتایی هاوین کاتی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە
رووداو-هەولێر
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت، هێشتا دەیانەوێت چارەسەرێکی دیپلۆماسی "درێژخایەن و دانپێداندراو" بۆ پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بدۆزنەوە. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر ئەو چارەسەرە نەبێت، رەچاوی هەموو بژاردەکانیان لە دژی ئێران دەکەن، یەکێکیان چالاککردنەوەی سزاکانە.
لە دوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران کە حوزەیرانی ئەم ساڵ بوو، گفتوگۆکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی تارانەوە سستبوون. هەروەها، تاران هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راگرت.
لەسەر پرسە ئەتۆمییەکەی ئێران، نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیک لە تۆڕی میدیایی رووداو، بە ئیمەیڵ پرسیاری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کردووە.
گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "نابێت هەرگیز ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی". گوتیشی، "چارەسەرێکی دیپلۆماسیی درێژخایەن و دانپێداندراو کە رەچاوی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات گرنگە".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری دایە ئێران و گوتی: "ئەگەر چارەسەرێکی لەو جۆرە تاوەکو کۆتایی هاوین بەدەستنەیەت، میکانیزمی سناپباک وەکو بژارەیەک لەبەردەم سێ وڵاتە ئەورووپییەکە دەبێت".
پێش رێککەوتنی ساڵی 2015ی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی تاران، وڵاتانی رۆژئاوا ژمارەیەک سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندبوو، بەڵام دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، بەشێکی سزاکان راگیران.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، "لە نزیکەوە لە هاوئاهەنگی بەردەوامین لەگەڵ بەریتانیا فەرەنسا و ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە."
لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش لەبارەی دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و هەڵوێستەکانیان لەسەر پڕۆگرانی ئەتۆمیی ئێران بە رووداوی راگەیاند، "داوامان لە ئێران کردووە دەست بە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا، هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکاتەوە و دڵنیایی تەواو بداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی سروشتی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی."
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاند، "ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم. لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشەکانمان پابەندین بە کردنی رێککەوتنێکی دیپلۆماسی سەبارەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، (لە ئەگەری رێکنەکەوتن) روونمانکردووەتەوە هەموو بژاردەکان رەچاو دەکەین، لەوانە گەڕاندنەوەی سزاکان."
پێش جەنگی ئێران و ئیسرائیل، بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران خاوەنی سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بوو بە رێژەی سەروو 60%. بەرپرسانی ئێران تاوەکو ئێستا ئاشکرایان نەکردووە هێرشەکەی ئەمریکا لە حوزەیرانی ئەم ساڵ چ زیانێکی بەو یۆرانیۆمە گەیاندووە تەنیا ئەوە نەبێت کە زیانی زۆری بە بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ گەیاندووە.
دەقی گوتەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ رووداو: نابێت هەرگیز ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. سەبارەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، چارەسەرێکی دیپلۆماسیی درێژخایەن و دانپێداندراو کە رەچاوی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات گرنگە. ئەگەر چارەسەرێکی لەو جۆرە تاوەکو کۆتایی هاوین بەدەستنەیەت، میکانیزمی سناپباک وەکو بژاردەیەک لەبەردەم سێ وڵاتە ئەورووپییەکە دەمێنێتەوە. لە نزیکەوە لە هاوئاهەنگی بەردەوامین لەگەڵ وڵاتانی (ئی سێ) و ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە.
دەقی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بۆ رووداو: داوامان لە ئێران کردووە دەست بە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکاتەوە و دڵنیایی تەواو بداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی سرووشتی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی. ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم. لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشەکانمان پابەندین بە کردنی رێککەوتنێکی دیپلۆماسی سەبارەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، (لە ئەگەری رێکنەکەوتن) روونمانکردووەتەوە کە هەموو بژاردەکان رەچاودەکەین، لەوانە چالاککردنی سناپباک و درێژکردنەوەی ماوەی سەپاندنی، کە پەیوەندی بەو مەرجانەوە دەبێت ئێران پێیانەوە پابەند بێت.