وێنەگرتن لەنێو هەردوو حەرەمی مەککە و مەدینە قەدەخەکرا
رووداو - ریاز
وەزارەتی داد و كاروباری ئیسلامیی شانشینی سعودیە وێنەگرتنی لەنێو هەردوو حەرەمی مەککە و مەدینە و سەرجەم گۆڕەپانەکانیان قەدەخەكرد.
خالید مالوود، سەرۆكی كاروباری حەج و عومرە لە وەزارەتی داد و كاروباری ئیسلامیی سعودیە رایگەیاند: "بڕیاری قەدەخەكردنی وێنەگرتنمان لەنێو هەردوو حەرەمی شەریف دەركردووە، سەرجەم سەرگرووپانی حەج و عومرەشمان لە بڕیارەكە ئاگاداركردوونەتەوە".
مالوود دەڵێت بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی حەجی سعودیە دەركراوە، هەردوو حەرەمی مەکە و مەدینە و سەرجەم گۆڕەپانەكانیان دەگرێتەوە. دەشڵێت: "وێنەگرتن بە هەموو شێوەیەك و بە هەر مەبەستێك بێت قەدەخەیە، وەكو رێزێك بۆ هەستی سەردانكارانی ماڵی خوداو غافڵنەبوون لەكاتی پەرستشدا."
مالوود باسی لەوە کردووە کە سەرجەم سەرگرووپانی حەج و عومرە لە بڕیارەكە ئاگاداركراونەتەوە، رێنمایی تایبەتیش لەبارەی سەرپێچیکردن بە هێزە ئەمنییەکان دراوە، بەجۆرێک سزاکە بەپێی نێوەڕۆكی وێنەكە و ئامێری وێنەگرتنەكە دەگۆڕێت.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح