حاجییەکی دیکەی کورد لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
حاجییەکی دیکەی کورد لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانی حەج کۆچی دواییکرد، کەسێکی نزیکی حاجییەکەش دەڵێت، ئەو کەسە بە ڤیزەی گەشتیاری سەردانی سعودیەی کردبوو.
دوای نیوەڕۆی شەممە، 15-6-2024، حاجییەکی کورد بە ناوی ئاسیا عەلی، کە دانیشتووی قەزای بەردەڕەشی پارێزگای دهۆکە و لە کێوی عەرەفە گیانی لەدەستداوە.
نەزیر تاهیر، کە خزمی ئاسیایە بە رووداوی گوت: "ئاسیا لەگەڵ برازاکانی بە ڤیزەی گەشتیاری چووبوونە سعودیە، دواتر بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونەتە مەککە، ئەمڕۆ دوای هاتنە خوارەوەی لە کێوی عەرەفە، کۆچی دواییکردووە."
ئاسیا عەلی لە دایکبووی ساڵی 1956ە، نەزیر تاهیر گوتی: "ئاسیا هیچ نەخۆشییەکی نەبوو، تەندروستی باش بوو."
هەر ئەمڕۆ حاجییەکی دیکەی کورد بە ناوی رازییە، کە دانیشتووی شاری هەولێر بوو، لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج کۆچی دواییکرد. ئەو ژنە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە گەشتی حەجی نەکردووە و بە "ڤیزەی یەک ساڵی" چووەتە ئەو وڵاتە. بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "چونکە ئەو ژنە ناوی لە وەزارەت تۆمار نەکردووە، جارێ زانیاریی ورد لەبارەی ناسنامەکەی و چۆنێتی رووداوەکە نازانن."
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج. جیا لەو ژمارەیە، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی بە "ڤیزەی یەک ساڵی" بە هەمان ئامانج چوونەتە سعودیە.
زۆربەی ئەو بیانیانەی لە کاتی گەشتی حەج و عومرە لە سعودیە کۆچی دوایی دەکەن، لەسەر داوای کەسوکاریان تەرمەکانیان ناگەڕێندرێتەوە زێدی خۆیان و هەر لەوێ دەنێژرێن.