میدیای فەرمیی ئێران: زنجیرەیەکی نوێی هێرشی مووشەکی دەستی پێکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای ئێران دەڵێت، زنجیرەیەکی نوێ لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد. سوپای ئیسرائیلیش داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بچنە پەناگەکان. 
 
میدیای فەرمیی ئێران دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ نزیک کاژێر 16:30 هەواڵەکەی بڵاوکردەوە.
 
هاوکات سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵک کرد بچنە پەناگەکان، بەتایبەتی لە شاری تەلئەڤیڤ کە لە ماوەی دوو شەوی رابردوودا ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی سوپای ئێران بووە.
 
ئیسرائیل: لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن
 
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەگەڵ ئەیال زەمیری سوپاسالار و دەیڤید بارنیای سەرۆکی مۆساد (دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل) و بەرپرسانی باڵای سەربازیی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە. 
 
وەک میدیای ئیسرائیل دەڵێت، کاتز ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا و مۆسادی لەنێو ئێران بە گرنگ ناوبردوون و داوای کردووە بەردەوام بن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان تاوەکو زیانی گەورە بەر پڕۆگرامی ئەتۆمی، بەرگریی ئاسمانی، سیستمی مووشەکی ئێران دەگەیێنن. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکەن و ئەوەش وایکردووە "تاران ببێتە بەیرووت و دانیشتووانەکەیشی ببنە بارمتە".