سوودانى و ئەردۆغان باسیان لە رێگرى لە پەلکێشکردنى عێراق کردووە بۆ نێو ململانێکان

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆککۆمارى تورکیا قسەیان لەبارەى دۆخى ناوچەکە و رێگرى لە پەلکێشکردنى عێراق کردووە بۆ نێو ململانێکان. محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: عێراق پێشێلکردنی سەروەری و بەزاندنی ئاسمانەکەی رەتدەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ى حوزەیرانى 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
 
بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو پەیوەندییەدا هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەکە و گرنگی هاوئاهەنگی لە هەڵوێستە جیاوازەکان و یەکخستنی هەوڵەکان کردووە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت: "هەردوولا سەرکۆنەی دەستدرێژیی زایۆنییان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و بەپێویستیان زانیوە هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە هەموو وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە دوژمنکارانەکانی ئەو قەوارەیە".
 
13ى حوزەیرانى 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکى ئێران و ئەو وڵاتەش بە مووشەک و درۆن بەرپەرچى هێرشەکانى دایەوە، جەنگی نێوانیان بەردەوامە. 
 
بەگوێرەى راگەیێنراوەکە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاندووە کە عێراق پێشێلکردنی سەروەریی و بەزاندنی ئاسمانەکەی رەتدەکاتەوە و کە بە  پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی ناوى بردووە.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیرانى دەڵێت: "سەرۆککۆماری تورکیا پشتیوانی لە سەروەریی عێراق کردووە، هەروەها پاڵپشتى لە هەنگاوەکانى حکومەتی عێراق کردووە بۆ پاراستنی سەروەری و رێگریکردن لە پەلکێشکردنى عێراق بۆ نێو گۆڕەپانی ململانێکان".