تاران هێشتا کارتی ئەتۆم و تەنگەی هورمزی بەدەستەوەیە "ئەمریکا هێلانە زەردەواڵەی شێواندووە"

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر دەستپێکردنی ململانێیەکی سەربازیی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خۆی بۆ راگەیاندنی "سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە" ئامادە دەکات. بەڵام لە پشت پەردەی وێرانکارییە سەربازییەکان و تێکشکانی هێزە تەقلیدییەکانی ئێران، تەحەدییەکی ئاڵۆز سەریهەڵداوە: تاران هێشتا کارتە ستراتیژییەکانی وەک "تەنگەی هورمز" و "کۆگای یۆرانیۆم"ی بەدەستەوەیە، ئەمەش هەوڵەکانی واشنتۆنی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە گەیاندووەتە بنبەست.
 
ترەمپ: "زۆر لە پێش خشتەی کاتییەوەین"
 
دۆناڵد ترەمپ، کە بەردەوام جەخت لە کۆنترۆڵی تەواوی خۆی بەسەر رەوتی شەڕەکەدا دەکاتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئامانجە سەربازییەکانی واشنتۆن و تەلئەڤیڤ لە لێواری بەدیهاتندان. ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی "فۆکس نیوز" رایگەیاند: "ئێمە زۆر لە پێش خشتەی کاتییەوەین. زۆر لە پێشین." کاتێکیش پرسیاری لێکرا کەی شەڕەکە کۆتایی دێت، بە شێوازە تایبەتەکەی خۆی گوتی: "شەڕەکە ئەو کاتە کۆتایی دێت کە من لە ناخەوە هەستی پێ بکەم."
 
سەرەڕای ئەم گەشبینییەی سەرۆک، شارەزایان دەڵێن "سەرکەوتنی سەربازی" مەرج نییە بە واتای "سەرکەوتنی ستراتیژی" بێت. سوزان مالۆنی، جێگری سەرۆکی بەشی سیاسەتی دەرەوە لە پەیمانگای برۆکینگز، هۆشداری دەدات لەو دۆخە و دەڵێت: "ئێمە سەرکەوتنی گەورەمان لە بەدیهێنانی ئامانجە سەربازییەکاندا هەبووە، بەڵام تا ئەو کاتەی ئێران بتوانێت کاتی کۆتاییهاتنی شەڕەکە دیاری بکات و هێشتا رێگەی دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی مابێت، ئەمە کارەساتێکی ستراتیژییە."
 
کارتی ئەتۆم؛ کێبڕکێ لەگەڵ کات
 
یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، چارەنووسی ٤٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرزە، کە لای ئێران ماوەتەوە. دوای بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە مانگی حوزەیراندا، بڕوا وایە تاران توانیبێتی ئەم کۆگایە لە ژێر داروپەردوو و شوێنە نادیارەکاندا بشارێتەوە.
 
دیپلۆماتکاران دەڵێن رەنگە تاران ئێستا پەرۆشتر بێت بۆ دروستکردنی "بۆمبێکی پیس" یان ئامێرێکی ئەتۆمی سەرەتایی وەک دوایین هێڵی بەرگری. ئەم مەترسییە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای شەڕەکەدا، زیاتر بووە. ئێستا موجتەبا خامنەیی، کوڕ و جێنشینی ئەو، رووبەڕووی گوشاری تووندڕەوەکانی ناو دامەزراوە ئەمنییەکان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی بەرەو چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێن.
 
برایان کاتولیس، ئەندامی باڵا لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخەکە بە مەترسیدار وەسف دەکات و دەڵێت: "ئێمە هێلانە زەردەواڵەمان شێواندووە و دۆخەکەمان تووندڕەوتر کردووە."
 
جەنگی وزە و تەنگەی هورمز
 
لە کاتێکدا ترەمپ دەیەوێت سەرنجی ناوخۆی ئەمریکا بگەڕێنێتەوە سەر ئابووری پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، بەڵام جەنگەکە کاریگەری پێچەوانەی هەبووە. نرخی بەنزین لەسەدا ٢٥ بەرزبووەتەوە و تێچووی پەین بۆ جووتیارانی ئەمریکی لە هەڵکشاندایە.
هۆکاری سەرەکی ئەمەش پەکخستنی هاتووچۆی کەشتییەکانە لە تەنگەی هورمز. هەرچەندە واشنتۆن زۆربەی هێزی دەریایی ئێرانی تێکشکاندووە، بەڵام تاران هێشتا لەرێگەی مینڕێژکردن و هێرشی ناوبەناو، رێڕەوەکەی بە نائارامی هێشتووەتەوە. وەزیری بەرگری ئەمریکا، پیت هێگسێت، دانی بەم راستییەدا ناوە و رایگەیاندووە: "تەنها شتێک کە رێگری لە هاتووچۆ دەکات لە تەنگەکە، تەقەکردنی ئێرانە لە کەشتییەکان."
 
وەزیری وزەی ئەمریکا، کریس رایت، ئاماژەی بەوە کردووە، کە رەنگە تا کۆتایی مانگ کاتی بوێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ تەنگەکە. بۆ چارەسەری کاتیی ئەم قەیرانە، ئەمریکا و ٣٢ وڵاتی دیکە بڕیاریانداوە ٤٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگاکانیان بەکاربهێنن.
 
پاشەکشەی تاکتیکی لە سزاکانی رووسیا
 
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە گوزارشت لە قووڵیی قەیرانی وزە دەکات، ئیدارەی ترەمپ سزاکانی سەر هەناردەی نەوتی رووسیای هەڵپەسارد. ئەم بڕیارە وەک پاشەکشەیەک دەبینرێت لە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ لاوازکردنی کرێملین، بەڵام واشنتۆن ناچار بووە بۆ رێگریکردن لە هەرەسی زیاتری بازاڕی نەوت، رێگە بە لێشاوی نەوتی رووسی بدات.
 
بەرەو هێرشی زەمینی؟
 
لەگەڵ زیادبوونی کوژراوانی سەربازانی ئەمریکا و بەردەوامی هەڕەشەکانی ئێران، ئاماژەکان بەرەو پەرەسەندنی زیاتر دەڕۆن. سیناتۆر لیندسی گراهام، یەکێک لە نزیکترینەکانی ترەمپ، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" باسی لە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ کردووە لەلایەن هێزەکانی مارێنزەوە. گراهام نووسیویەتی: "هەرکەسێک کۆنترۆڵی دوورگەی خارگ بکات، کۆنترۆڵی چارەنووسی ئەم شەڕە دەکات."
 
ئەم لێدوانە هاوکاتە لەگەڵ ناردنی یەکەیەکی هێرشبەری مارێنز کە لە ٢٥٠٠ سەرباز پێکهاتووە لە ژاپۆنەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کاتێک لەبارەی ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر کۆگاکانی یۆرانیۆم پرسیار لە پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری کرا، ئەو گوتی: "مەودایەکی فراوان لە بژارەمان لەبەردەستدایە... من هەرگیز بەم گرووپە یان بە جیهان ناڵێم چی دەکەین، بەڵام بێگومان بژارەمان هەیە."
 
هەر ئەمڕۆ پێگەی کۆشکی سپی لە تۆڕی ئێکس ڤیدیۆیەکی هێزی دەریایی وڵاتەکەی بڵاو کردووەتەوە و نووسیوێتی: "لەکاتێکدا ئێران تەنگەی هورمز، شادەماریی جیهانی پەکخستووە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە جێگیر بوون". بەگوتەی کۆشکی سپی؛ کەشتییە جەنگییەکانی USS Bataan (LHD-5) و USS Carter Hall (LSD-50) کە هەڵگری دوو هەزار و 500 سەربازی مارێنز (هێزی دەریایی ئەمریکا)ن، لە ناوچەکە جێگیر بوون و لە هەر شوێن و کاتێک، ئامادەی شەڕ و هەموو بەرپەچدانەوەیەکن.
 
دەرئەنجام؛ کۆتاییەکی نادیار
 
دان شاپیرۆ، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیسرائیل، پێیوایە کۆتاییهێنان بەم شەڕە ئاسان نابێت. ئەو دەڵێت: "روون نییە کە ئایا ئێران ئاگربەستێکی تاکلایەنە قبوڵ دەکات یان نا. ئەگەر نەیکەن، بێگومان ئەمریکا دەبێت وەڵام بداتەوە، بەڵام وەڵامەکە دەکرێت بە جۆرێک بێت کە بەرەو هێورکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاو بڕوات."
 
ئێستا دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم هاوکێشەیەکی سەختدایە؛ لە لایەکەوە دەیەوێت وەک "سەرکەوتووی جەنگ" دەربکەوێت و کۆتایی بە ململانێکە بهێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە تاران بە مانەوەی لەسەر کارتی ئەتۆم و تەنگەی هورمز، رێگری لەو "خەونە" دەکات و نرخی سەرکەوتنەکە بۆ واشنتۆن گرانتر دەکات.