دەوڵەت باخچەلی: ئاسۆی ئەنقەرە و تاران رووی لە هەمان ئاراستەیە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) جەخت لە هاوبەشیی چارەنووسی وڵاتانی ناوچەکە دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، ئاسۆی سیاسیی ئەنقەرە و تاران رووی لە هەمان ئاراستەیە و چارەنووسیان بەیەکەوە بەستراوەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 16-03-2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، چەند پەیامێکی لەبارەی گرژییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە.
 
باخچەلی رایگەیاند: "ئاسۆی ئەنقەرە و تاران رووی لە هەمان ئاراستەیە؛ چارەنووسی ئەنقەرە لەگەڵ بەغدا و دیمەشق، قودس و غەززە لەسەر هەمان هاوبەشی کۆدەبێتەوە."
 
باخچەلی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر دۆخی مزگەوتی ئەقسا و ئاماژەی بەوە کرد، داخستنی یەکەم قیبلەی موسڵمانان بۆ ماوەی 15 رۆژ، "ئازاری دڵی هەموو موسڵمانێکە" و جەختی کردەوە پێویستە ئەو ستەمە کۆتایی پێبێت.
 
سەرۆکی مەهەپە هۆشداریی دا لەوەی وڵاتانی ناوچەکە نەکەونە ناو "چاڵە تاریکەکانی پیلانگێڕییە زایۆنی-ئیمپریالیستییەکان" و داوای کرد وڵاتانی ئیسلامی بە هەستی برایەتییەوە خۆیان رێکبخەنەوە.
 
دەوڵەت باخچەلی گوتیشی: "دەبێت ئەو هەورە کابووسانەی کە بینینمان دادەپۆشن، بە شکۆ و کەرامەتی باوەڕمانەوە بڕەوێنینەوە."
 
ئەم لێدوانانەی باخچەلی لە کاتێکدایە، ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە دۆخێکی هەستیاردایە؛ تورکیاش چەندین جار نیگەرانیی خۆی لە فراوانبوونی شەڕەکە و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دەربڕیوە.