خاتەمولئەنبیا: بنکەی زەفرەی ئەمریکامان لە ئیمارات بۆردوومان کرد


رووداو - هەولێر

گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران دەڵێت، هێزی دەریایی سوپای پاسداران هێرشێکی "کوشندە"یان کردووەتە سەر گەورەترین کۆگای تەقەمەنی لە بنکەی ئاسمانیی "زەفرە"ی هێزەکانی ئەمریکا؛ دەشڵێت: "80٪ـی رادارە ستراتیژییەکانی ئەمریکامان لە ناوچەکە خاپوور کردووە."
 
رۆژی دووشەممە 16-3-2026 ئیبراهیم زولفەقاری رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنێکی ورددا، کۆگای ناوەندیی تەقەمەنییەکانی بنکەی ئاسمانیی "ئەلزەفرە"ی لە ئیمارات کردووەتە ئامانج.
 
بەگوتەی فەقاری، لە ئەنجامی هێرشەکەدا تەقینەوەی زۆر بەهێز لە ناو بنکەکەدا روویانداوە، ئەوەش وایکردووە فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا بڕیاری چۆڵکردنی بنکەکە بدات و فڕۆکە جەنگییەکانی بۆ بنکەی دیکەی دوورتر بگوازێتەوە.
 
گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا باسی لەوەش کردووە "سوپرایزەکانی ئێران تەنیا چەکی بەهێز نین، بەڵکو شێواز و چۆنیەتیی وەشاندنی گورزی کوشندەیە لە دووژمن."
 
لە لایەکی دیکەوە، ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات بەپێی وێنە نوێیەکانی مانگە دەستکردەکان، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا توانیویانە "زۆرتر لە 80٪ـی رادارە ستراتیژی و خاڵە گرنگەکانی بنکەکانی ئەمریکا" لە ناوچەکەدا لەناو ببەن.
 
بنکەی ئاسمانیی "ئەلدەفرە" کە لە خاکی ئیماراتدایە، یەکێکە لە بنکە سەرەکی و ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی تێدا جێگیر کراوە. تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەبارەی ئەم هێرشە بڵاونەکردووەتەوە.