تورکیا سەرکۆنەی ئۆپەراسیۆنی زەوینیی ئیسرائیل دژی لوبنان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئۆپەراسیۆنی زەوینیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "جێبەجێکردنی سیاسەتی جینۆساید و سزادانی بەکۆمەڵی حکومەتی نەتەنیاهوو ئەم جارەیان لە لوبنان، دەبێتە هۆی کارەساتێکی نوێی مرۆیی لە ناوچەکەدا."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، رۆژی دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، لەبارەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی وشکانیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو ئۆپەراسیۆنە زەوینییە دەکەین کە ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەستیپێکردووە و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا قووڵتر دەکاتەوە." 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "جێبەجێکردنی سیاسەتی جینۆساید و سزادانی بەکۆمەڵی حکومەتی نەتەنیاهوو ئەمجارەیان لە لوبنان، دەبێتە هۆی کارەساتێکی نوێی مرۆیی لە ناوچەکەدا. جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی کە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان پێشێل دەکەن، هاوپشتی لوبنانین".
 
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی "سنووردار و ئامانجدار" بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان کردووە.