ئیسرائیلییەکان لەسەر چۆنێتیی وەڵامدانەوەی ئێران ناکۆکن


رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو بڕیاری کۆتایی نەداوە چۆن وەڵامی ئێران دەدرێتەوە. کابینەکەی لەسەر ئەوە ناکۆکە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو درەنگ نەبووە دەبێت ئێران بوەستێنرێت. لە ئێرانیشەوە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی نوێ دەکرێت.
 
کابینەی جەنگیی ئیسرائیل دوو جار لەسەر هێرشەکەی ئێران کۆبووەتەوە. بەپێی میدیای ئیسرائیل، دوو بۆچوون هەن؛ یەکێکیان دەستبەجێ هێرشکردنە بۆ سەر ئێران؛ دووەمیش، چاوەڕوان کردن و تووندکردنی گوشارە دیپلۆماسییەکانە. 
 
بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل، لەگەڵ وەڵامدانەوەی راستەوخۆیە. یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریش لەگەڵ بۆچوونی دووەمدایە.
 
هێرڤی هەلێیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل، بە سەربازانی وڵاتەکەی گوتووە، "هێرشەکەی ئێران وەڵام دەدرێتەوە." 
 
کاردانەوەی نێوخۆیی ئێران
 
بەرپرسانی ئێران چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئیسرائیلن و هەڕەشەش دەکەن. ئەبولفەزل شکاری، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری دەدات، "هەر کەسێک پێ لە بەڕەی خۆی زیاتر رابکێشێت، پێی دەبڕینەوە." گوتەبێژی کۆمیسیۆن (لیژنە)ی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێرانیش پێیوایە، ئێران لە هێرشەکەدا کەمترین توانای بەکارهێنا و ئامادەن چەکێک بەکاربهێنن "تائێستا بەکار نەهاتبێ." 
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، رۆژی 15ی نیسان، چاودێرانی لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کشاندەوە و رایگەیاند، ئێران لەبەر هۆکاری ئەمنی بنکەکانی داخستووە. 
 
شەوی ‎13-04-2024، ئێران بە 320 درۆن و مووشەکی بالیستی و کرووز هێرشیکردە سەر ئیسرائیل. هێرشەکە، وەڵامی بۆردوومانکردنی بەشی کۆنسوڵگەریی باڵیۆزخانەی ئێران بوو لە دیمەشق. دوو فەرماندە و پێنج راوێژکاری سەربازیی پاسداران کوژران. ئێران ئیسرائیلی بە هێرشەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام ئیسرائیل نە پشتڕاستی کردەوە و نە رەتی کردەوە.
 
پەیمان محەممەد، ژیڤان بەکر و تەنیا ئەحمەد ئەم هەواڵەیان ئامادە کردووە.