سوپای ئوردن: درۆنێکمان خستە خوارەوە لە سووریاوە هاتبوو
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئوردن رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە کە لە سووریاوە چووەتە ئاسمانی ئەو وڵاتە و چەند پارچە چەکێکی پێ بووە.
رۆژی هەینی، 16-6-2023، فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن)ەوە لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئەو فەرماندەییەوە رایگەیاند: "هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە سەربازییەکان چاودێریی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان کردووە کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە خاکی سووریاوە هاتبووە خاکی ئوردنەوە و لەنێو خاکی ئوردن خرایە خوارەوە."
سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، دوای پشکنین دەرکەوتەوە درۆنەکە ژمارەیەک پارچە چەکی هەڵگرتووە و دواتر ئەوانەی دەستیان بەسەردا گیرابوو رەەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران.
فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئوردن هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هێزە چەکدارەکان زۆر بە تووندی رەفتار لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک دەکەن کە لە سنوورەکاندا هەبێت، یان هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی ئوردن و تۆقاندنی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لە ئارادا بێت."
لەدوای رووداوەکانی سووریا لە ساڵی 2011ەوە ئەو وڵاتە بەسەر چەندین ناوچەی دەسەڵات دابەشبووە و بەشێک لە ناوچەکانی هێشتا لەلایەن گرووپە توندئاژۆکان و بەشێکی لەلایەن هێزەکانی تورکیا و ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت، جگە لەوەی هێزەکانی ئەمریکا و رووسیا لەو وڵاتە هەن.
سووریا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتان ئاسایی کردووەتەوە و رۆژی یەکشەممە، 7-5-2023، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بڕیاریاندا کۆتایی بە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی سووریا لە کۆمکارەکە بهێنن و لە دواهەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کە لە 19-5-2023، لە شاری جەددەی سعودیە بەڕێوەچوو، بەشار ئەسەد بەشداری کرد.