ئەسەد و سوودانی داوا لە تورکیا دەکەن ئاوی زیاتر بەربداتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا باسی قەیرانی کەمئاوییان لە وڵاتەکانیان کرد و داوایان لە تورکیا کرد ئاوی زیاتر بۆ وڵاتەکانیان بەربداتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-7-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا بەشێک لە باسەکانی کۆبوونەوەکانیان خستەڕوو.
 
ئەسەد بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی سووریای بە تێوەگلانی راستەوخۆ لە تیرۆر تۆمەتبار کرد. محەممەد شیاع سوودانیش گوتی، عێراق لەگەڵ یەکێتی خاکی سووریا و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی سووریایە بەسەر سەرجەم ناوچەکاندا و ئاماژەی بۆ کارکردنی وڵاتەکەیشی کرد بۆ لابردنی ئەو گۆشەگیرییەی لەسەر سووریا هەبووە.
 
بەشار ئەسەد باسی پشتیوانیی هەریەک لە عێراق و سووریای لە یەکدی لە قۆناخەکانی رابردوودا کرد و گوتی، سووریا پێشتر پشتی عێراقی بەرنەداوە و رایگەیاند، "ئەو برایەتییەی لەنێوانماندا هەیە هەستمان پێکرد، کاتێک گەلی عێراقی لەپاڵ گەلی سووریا وەستا لەو دەمەی پێش دەیەیەک هێرشی دوژمنکارانە دژی سووریا دەستیپێکرد. لەماوەی ئەو شەڕەدا حکومەتی عێراق و گەلەکەی دەنگی راستەقینەی سووریا بوون. ئەوان دەنگی سووریا بوون لە ناوەندە عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و هەموو شەڕ و هێرشەکانی سەر سووریایان رەتکردەوە".
 
بەشار ئەسەد باسی بەهاناوەچوونی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی شوباتی ئەمساڵیش کرد و گوتی، عێراقییەکان بە کۆمەڵ و تاکەکەسیش فریای سووریاییەکان کەوتن.
 
سەرۆکی سووریا لە کۆنگرەکە رۆژنامەڤانییەکەدا جەختی لەسەر ناسنامەی عەرەبیی عێراقی کردەوە و گوتی،"سڵاو و رێزم بۆ سوپای عێراقی عەرەبیی رەسەن" هەیە و دواتر سوپاسی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد کە بە قسەی ئەو "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای سووریا و هێزەکانی دیکە لە سووریا، گەورەترین سەرکەوتنیان تۆمارکردووە."
 
ئەسەد لە بەشێکی قسەکانیدا هێرشی کردە سەر تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی سوریایشی بە پشتیوانی راستەوخۆی تیرۆر ناوبرد و گوتی،"کۆبوونەوەکەمان لە کاتێکدایە لەسەر ئاستی جیهان رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر و راستەوخۆ دەبینەوە. هەموو جیهان لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنییەوە دەناڵێنێت و بێگومان ئەوانەش لێکەوتەی ئابوورییان هەیە. هەموو ئەوانە کاریگەرییان لەسەر وڵاتانمان دەبێت". ئەسەد ئاماژەی بەوەشکرد کە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە شەڕی تیرۆر دەکەن و گوتی، "ئەو تیرۆرەی دەیبینین بەهۆی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و بەدیاریکراوی رۆژئاواوە لەنێوناچێت. میکانیزمی رۆژئاوا لێدانە لەو وڵاتانەی دەستیان بە سەربەخۆییانەوە گرتووە. هەندێک لە وڵاتانی دراوسێش بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە پشتیوانیکردنی ئەو تیرۆرە یان بە ئامانجی فراوانخوازی یان بە هۆکاری بیروبۆچوونی عەقیدەیی دواکەوتووەوە تێوەگلاون".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکدا باسی پەیوەندیی دوو قۆڵیی هەردوو وڵات کرد و گوتی، بە مێژوو و جوگرافیا و کۆمەڵایەتیش پێکەوە بەستراونەتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات بۆ رووبەڕووبونەوەی پلان و مەترسییەکان کە زیان بە هەردوو وڵات دەگەیێنن، پێویستە.
 
سوودانی هەروەها گوتی،"هەڵوێستی عێراق پشتیوانییە لە یەکێتیی خاکی سووریا و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی سووریا و سەپاندنی یاسایە بەسەر ناوچەکانی و سەرجەم خاکەکەیدا".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرگری لە سیاسەتی کرانەوە بەڕووی سووریادا کرد و گوتی، "عێراق بۆ گێڕانەوەی سووریا بۆ شوێنی سرووشتی خۆی و کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی کاری کرد. لەگەڵ سەرجەم وڵاتان و هێزەکانی پشتیوانیکاری سەقامگیری کاردەکەین بۆ باشبوونی دۆخی سووریا لەرووی ئابوورییەوە. نابێت سووریا بە تەنیا رووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە، چونکە کاریگەری لەسەر عێراق و ناوچەکە دەبێت".
 
سوودانی باسی ئەوەشی کرد کە عێراق بەسەر تیرۆردا سەرکەوتووە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هێزەکانی عێراق بەدوای چەکدارانی داعشەوەن و تۆکمەکردنی سنوورەکانیشی بۆ نەهێشتنی مەترسی گرووپە پەڕگیرەکان بە پێویست زانی.
محەممەد شیاع سوودانی هەڕەشەی مادەی هۆشبەریشی لەسەر عێراق و سووریا بە کێشەی گەورە ناوبرد و بە "دیاردەی مەترسیدار" ناوهێنا.
 
سەبارەت بە کێشەی کەمیی ئاو، محەممەد شیاع سوودانی گوتی،"هەردوووڵات رووبەڕووی کەمیی ئاو و وشکبوونی رووبارەکان بوونەتەوە؛ هەردوو وڵات کاریگەریی ژینگەیی و کەشەوهەوایان لەسەرە. پێویستمان بە هاوئاهەنگییە لەنێوان خۆمان بەشێوەیەک گەرەنتی پشکی ئاویی دادپەروەرانە بکات؛ هەروەها لە هەمان کاتدا قسەکردن و جووڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە بۆ گەرەنتیکردنی پشکی ئاوی سووریا و عێراق پێویستە."