باڵی سەربازیی حەماس: 200 بۆ 250 دیلی ئیسرائیلیمان لایە و خەڵکی وڵاتانی دیکە میوانمانن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکانی شەڕەوە نازانن ژمارەی دیلەکانی ئیسرائیل لەلای ئەوان چەندن، بەڵام لەنێوان 200 بۆ 250 کەس دەبن. سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە کە چەند رۆژێکە باسی دەکات، دەڵێت، "غەززە دەبێتە گۆڕستانی دوژمنانی و خاکی غەززە دەبێتە گۆڕستان بۆ داگیرکارانی."
شەوی دووشەممە، 16-10-2023 ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی، ناسراو بە "حەماس"، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هەندێک زانیاریی نوێی لەسەر دیلەکانی بەردەستیان و پێشهاتەکانی شەڕ خستەڕوو و گوتی" دوای 10 رۆژ لە دەستپێکردنی شەڕی تۆفانی ئەقسا، " قەوارەی زایۆنی زیاتر لە حەفتا ساڵە راهاتووە لەسەر کوشتن و تۆقاندن و کوشتنی بەکۆمەڵ و کوشتنی دیلەکان لە هێزەکانی عەرەبیی و رۆڵەکانی گەلەکەمان لەهەموو ئەو شەڕانەی لەگەڵ گەل و ئومەتەکەمان کردوویەتی، راهاتووە لەسەر پێشێلکارییەکان بەبێ چاودێر، ئەو دوژمنە هەرگیز باوەڕی نەدەکرد و هێشتاش باوەڕناکات هێزێکی عەرەبیی گەمارۆدراوی شەڕ لەگەڵدا کراو قورسترین گورزی لە مێژووی پێدەگەیێنێت، بۆیە لە رۆژی یەکەمەوە لەبری رووبەڕووبوونەوەی شەڕکەرەکان لەرێگەی چەکی ئاسمان و دەریای و بۆمبهاوێژەکانی دژی گەلەکەمان بەکاردەهێنێت."
گوتیشی، "ئەو دوژمنە هەڕەشەی کۆچپێکردن لە سەدان هەزار کەس دەکات، داوایان لێدەکات لە ماڵەکانیان دەربچن وەکو ئەوەی پێیان بڵێت تاوەکو تێیدابن ناچنە نێوییەوە."
گوتەبێژەکەی کەتیبەکانی قەسام هەروەها لەبارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە، گوتی: "هەڕەشەی داگیرکەر لە هاتنە نێو غەززە نامانترسێنێت و ئێمە ئامادەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هێزێک کە دوژمن بیهێنێتە نێو غەززەوە، غەززە دەبێتە گۆڕستانی دوژمنانی، هاتنتان بۆ نێو غەززە دەبێتە دەرفەتێک بۆ لێپرسینەوە لێتان لەو تاوانانەی لە رۆژانی رابردوو کردووتانە."
لەبارەی ژمارەی ئەو دیلانەشی لەلای ئەوانن گوتی "لەنێوان 200 بۆ 250 دیل دەبن و رەنگە زیاتریش بن، ئەوەی لەلای کەتیبەکانی قەسامن نزیکەی 200 دیل دەبن و ئەوانی دیکە لەلای گرووپەکانی دیکەی بەرگرین، یان لە شوێنی دیکەن."
سەبارەت بەو دیلانەشی لەلای ئەوان بوون و گیانیان لەدەستداوە، ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی حەماس رایگەیاند: "هێرشەکانی دوژمن بووەتە هۆی کوژرانی 22 دیل، دواینیان هونەرمەند گای ئۆلیڤز، بوو کە 26 ساڵ بوو و دانیشتووی تەلئەڤیڤ بوو و دوێنێ کوژرا."
سەبارەت بە هاووڵاتییانی دیکەی هەڵگری وەڵاتینامەی دیکە، زانیاریی نوێی راگەیاند و گوتی، "ژمارەیەک کەسی دیکەمان لەلایە لە هەڵگرانی وەڵاتینامەی دیکە، ئەوانە بە میوان لەلای خۆمان دەزانین و لەو کاتەی دۆخی مەیدان بوار بدات ئەوا ئازادیان دەکەین، چونکە هیچ کێشەمان لەگەڵیان نییە."
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەروو هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و لانیکەم سێ هەزار و 400 کەس برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا لانیکەم دوو هەزار و 750 کەس لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون و نۆ هەزار و 700 کەسی دیکە بریندار بوون، 54 کەسیش لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون و هەزار و 114 کەسیش بریندار بوون.