شازادەی جێنشینی سعودیە بابەتەکانی 'رقلێبوونەوەی ئاینەکانی دیکە' و کوشتن لە پرۆگرامەکانی خوێندن لادەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

سعوودیە بۆ یەکەمجار، دەقەکانی تایبەت بە "رقلێبوونەوەی ئاینەکانی دیکە" جگە لە ئیسلام و بابەتەکانی کوشتنی، لە پرۆگرامەکانی خوێندنی وڵاتەکەدا لابرد.
 
راپۆرتێکی 'پەیمانگای چاودێری ئاشتی و لێبوردەیی کولتووری لە فێرکردنی قوتابخانە' دەڵێت، کتێبە چاپکراوە نوێیەکانی خوێندن لە سعودیە، ئەو بابەتانەیان تێدا لابراوە کە زمانی "هێرشکارانە و رقلێبوونەوە بەرامبەر ئاینەکانی دیکەی تێدایە"، کراونەتە دەقی نەرمتر و زیاتر هاندەرن بۆ 'لێبوردەیی' لە بەرامبەریاندا.
 
هەروەها پەیمانگەکە ئاشکرایکردووە، گۆڕانکارییە نوێیەکان، لابردنی وانەکانی "دژایەتی و رقلێبوونەوەی" بەرامبەر ئاینەکانی وەک مەسیحیەت و جوو و تەنانەت دژ بە هاوڕەگەزخوازەکانیش لابردووە، ئەمە جیا لەو دەقانەی باس لە بەرگریکردن لە ئاینی ئیسلام دەکات، لەڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژییەوە.
 
فەهد ناسر، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی سعودیە لە واشنتن، ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی فێرکردن بۆیان دەرکەوتووە، "هەندێک لە بابەتەکان رەتکراوە و خراپەکارانەن" لە پرۆگرامەکانی خوێندندا، هەوڵی بەرچاویاندا بۆ "لابردنی سەرجەم ئەو بابەتانە لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن، لەگەڵ گۆڕینی ئەو وانانەی هێرشکارانەن، بۆ میانڕەوی، لێبووردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە".
 
مارکۆس شیف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری 'پەیمانگای چاودێری ئاشتی و لێبوردەیی کولتووری لە فێرکردنی قوتابخانە' کە بارەگاکەی لە قودسە، پێیوایە، "ئەو گۆڕانکارییانە جێگەی دڵخۆشین، هەوڵی دامەزراوەیی راستەقینەن لە بەرزترین ئاستەکاندا، بۆ نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سعودیە".
 
راپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، پرۆگرامەکانی خوێندن لە سعودیە، سەرجەمی بابەتەکانی تایبەت بە لەسێدارەدانی بە هەموو تاوانەکانی وەک "زینا، هاوڕەگەزبازی و جادووگەریی" لابردووە.
 
گۆڤاری 'تایم'ی ئەمریکی، لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت دەڵێت، ئەو گۆڕانکارییانەی دەمێکە واشنتن داوایاندەکات و ئێستا لە پرۆگرامەکانی خوێندندا ئەنجامدەدرێن، بە فەرمانی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ئەنجامدراون و هەنگاوێکی دیکەی جێنشینی وڵاتە بۆ کرانەوەی زیاتر لە کۆمەڵگەی سعودیدا.