بە درۆن هێرش دەکرێتەسەر ئەبوزەبی

رووداو دیجیتاڵ

تەقینەوەیەک لە ئەبوزەبی روویدا و پۆلیسی شارەکەش دەڵێت، گومان دەکرێت ‌هێرشەکە بە درۆن کرابێت. حوسییەکانی یەمەنیش دەڵێن هێرشەکە ئەوان ئەنجامیان داوە.

پۆلیسی ئەبوزەبی رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکە کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی ئەبو زەبی بووە، بەهۆیەوە ئاگرێک لەنزیک فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش هێرشەکە بە درۆن بووە.

ئاژانسی فەرمیی ئیمارات ناسراو بە وام، رۆژی دووشەممە 17-01-2022 لە زاری پۆلیسی میرنشینی ئەبو زەبییەوە بڵاویکردەوە، "بەیانیی ئەمڕۆ ئاگرێک کەوتەوە و بووە هۆی تەقینەوەی سێ تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی لە ناوچەی موسەفەح ئایکاد سێ لە نزیکی کۆگاکانی دانووک لە ئەبو زەبی؛ هەروەها ئاگرێکی بچووک لە ناوچەی ئینشائات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبو زەبی کەوتەوە".

پۆلیسی ئەبو زەبی راشیگەیاندووە، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن لە کاتی روودانی ئەو دوو رووداوەدا فڕۆکەی بچووک لە ئاسمانی ناوچەکە بینراوە؛ دەکرێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێندرابێت و کەوتبنە خوارەوە و بووبنە هۆی تەقینەوە و کەوتنەوەی ئەو دوو رووداوە؛ بۆیە تیمەکان گەیشتوونەتە هەردوو ناوچەکە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، بەڵام هەردوو رووداوەکە زیانێکی ئەوتۆیان نەبووە".

حوسییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاندووە

دوای تەقینەوە و ئاگرەکەی ئەبو زەبی، گوتەبێژێکی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حووسییەکان لە یەمەن لە تەلەفزیۆنی مەسارەوە کە هی حوسییەکانە، بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکانی ئەمڕۆی بۆسەر میرنشینی ئەبو زەبی راگەیاند.

دەستوەردانی ئیمارات لە جەنگی نێوخۆی یەمەن

لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی عەرەب، لە ساڵی 2015 ئیمارات دەستوەردانی لە جەنگی نێوخۆی یەمەن کرد و لە ساڵی 2019 ئۆپەراسیۆنەکانی لە یەمەن کەمکردنەوە.

شەوی 1ی کانوونی دووەم چەکدارانی حوسی کەشتییەکی بارهەڵگری ئیماراتیان رفاند کە لەسەر رێگەی خۆی بوو لە دوورگەی سەقتەری لە یەمەن بەرەو بەندەری جازان لە سعودیە و کەلوپەلی پزیشکیی هەڵگرتبوو، بەڵام حوسییەکان رایانگەیاند، کەشتییەکە چەک و پێداویستیی سەربازیی پێبووە.

لەسەر ئەو کەشتییە هاووڵاتیی هیندی، ئەسیوپی، ئیندۆنیزی، فیلیپینی و بۆرمای لەسەربووە.