نەتەنیاهوو: 90٪ـی کۆگای مووشەکی حیزبوڵڵامان وێران کردووە و ئامانجمان هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، سوپای وڵاتەکەی دەستکەوتی مێژوویی لە جەنگی دژی حیزبوڵڵا بەدەستهێناوە و توانیویەتی هەڕەشە ئەمنییەکان لە سنوورەکانی باکوور نەهێڵێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانجی کۆتاییان هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی ئەو گرووپەیە.
ئاگربەست و دیپلۆماسیی راستەوخۆ
نەتەنیاهوو لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رازی بوون بە ئاگربەستێکی کاتی لە لوبنان بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە چارەسەری سیاسی و سەربازیی یەکگرتوو بدەن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "بۆ یەکەمجار لە 43 ساڵدا، نوێنەرانی ئیسرائیل راستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی لوبنان قسە دەکەن. رێگەی ئاشتی درێژە، بەڵام تازە دەستمان پێکردووە."
نەهێشتنی هەڕەشەکان و ناوچەی جیاکەرەوە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تیشکی خستە سەر ئەو دەستکەوتانەی لە باکووری وڵاتەکەی بەدەستیان هێناون و رایگەیاند، توانیویانە هەردوو هەڕەشەی "نزیک و دوور" لەنێو ببەن.
بە گوتەی نەتەنیاهوو، هەڕەشە نزیکەکە دزەکردنی چەکداران و تەقاندنی مووشەکی دژەتانک بوو، هەڕەشە دوورەکەش ئەو 150 هەزار مووشەک و رۆکێتە بوو کە حەسەن نەسروڵڵا بۆ وێرانکردنی شارەکانی ئیسرائیل ئامادەی کردبوون.
نەتەنیاهوو گوتی، ئیسرائیل بۆ یەکەمجار ناوچەیەکی جیاکەرەوەی ئەمنیی قووڵی لە تەواوی سنووری باکوور، لە لوبنانەوە تاوەکو بەرزاییەکانی گۆلان و یەرمووک دروست کردووە و گوتی: "ئەوان دەیانویست بە بازنەیەکی ئاگر گەمارۆمان بدەن، بەڵام ئێمە بازنەیەکی ئاسایشمان دروست کرد."
تێکشکاندنی تواناکانی حیزبوڵڵا
سەبارەت بە زیانەکانی حیزبوڵڵا، نەتەنیاهوو گوتی، 90٪ـی کۆگاکانی مووشەک و رۆکێتی ئەو گرووپەیان وێران کردووە و گوتی: "خودی نەسروڵڵامان لەنێوبرد، بە ئامێرەکانی پەیجەر تووشی شۆکمان کردن و هەزاران چەکداریشیان لێ کوژرا."
نەتەنیاهوو، حیزبوڵڵای ئێستای بە "سێبەرێکی لاواز" چواند بەراورد بە رابردوو.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێشتا کارەکەیان تەواو نەبووە و پلانیان بۆ هەڕەشە مووشەکی و درۆنییە ماوەکان هەیە.
نەتەنیاهوو گوتی، ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی حیزبوڵڵایە و گوتی: "ئەمە سبەی بەدی نایەت و پێویستی بە هەوڵێکی بەردەوام، پشوودرێژی و بەڕێوەبردنێکی ژیرانەی دیپلۆماسییە."