سعودیە: 3 درۆنمان تێکشکاند کە لە ئاسمانی عێراقەوە نێردرابوون

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 17-05-2026، سێ درۆن تێکشکێندراون دوای ئەوەی لە ئاسمانی عێراقەوە چووبوونە ناو سنووری ئاسمانیی ئەو وڵاتە.
 
لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە دەڵێت: وڵاتەکەی مافی وەڵامدانەوەی لە کات و شوێنی گونجاودا هەیە و خۆی دەپارێزێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزارەتی بەرگری هەموو رێکارە پێویستەکان دەگرێتە بەر بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەوڵێکی دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی سعودیە و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییان و دانیشتووانەکەی." 
 
جەنگی ئێران و ئەمریکا لە 28ی شوبات دەستیپێکرد و لە ماوەی نزیکەی 40 رۆژی جەنگەکەدا ئێران هێرشی کردە سەر وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کە سعودیە یەکێک لەوانە.
 
بەگوێرەی میدیای سعودیە، لە کاتی جەنگەکەدا 53 مووشەک و 1006 درۆن ئاراستەی سعودیە کران. وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماژە بەوە دەکات، لە رۆژانی 25 تاوەکو 31ی ئادار 105 درۆن و مووشەک ئاراستەی سعودیە کرابوون، بەڵام ژمارەکە لە 1 تاوەکو 6ی نیسان بۆ 25 دانە دابەزی. 
 
بەردەوامبوونی هێرشەکان وایکرد، رۆژی 19ی ئادار فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە بڵێ، شانشینەکە مافی خۆیەتی "هەنگاوی سەربازی بنێت، ئەگەر پێویست بکات".