سەرۆکی یەمەن: هێزی بەرگری کلیلی رزگارکردنی تەواوی وڵاتە
رووداو- ئاژانسەکان
عەبدرەبە هادی مەنسور، سەرۆکی یەمەن سەرکەوتنەکانی هێزی بەرگری میللی لە عەدەن بەکلیلی رزگارکردنی تەواوی وڵات وەسفکرد.
هادی لەگوتەیەکدا لەریازی پایتەختی سعودیە بەبۆنەی هاتنی جەژنەوە متمانەی سەرکردایەتی وڵاتی بەسەرکەوتن دوپاتکردەوە و رایگەیاند: "خۆڕاگری ئەفسانەیی گەل و بەرگرییەکەی یەمەنێکی فیدراڵی دێنێتە بەرهەم، کە پڕبێت لە دادپەروەری و بەهای دامەزراوەی سەربازی دەگەڕێنێتەوە".
سەرۆکی یەمەن سوپاسی ئەنجوومەنی وڵاتانی کەنداو و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەتایبەت سعودیەی کرد "بۆ ئەو هەوڵانەی کەدایان تاوەکو یەمەن نەبێتە وڵاتێکی شکستخواردوو".
جەختی لەوەشکردەوە حکومەتی راسپاردوە بە دابینکردنی پێداویستی یەمەنییەکان لە شاری مەهرەوە بۆ سەعدە.
هێزە چەکدارەکانی لایەنگری عەبد رەبە مەنسور هادی، رۆژی چوارشەممە 15ی تەمموز رایانگەیاند، كە توانیویانە بەندەری عەدەن و ناوچەی مەعلا كۆنترۆڵبكەنەوە.
ئەو پێشڕەوییانەی هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن داوی ئەوە دێت، کە رۆژی سێشەممە 14ی تەمموز فڕۆکەخانەی نێودوەڵەتی عەدەنیان كۆنترۆڵكردەوە. کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەش بە گەورەترین شکستی حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران دادەنرێت.