حاجییەکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەککە کۆچی دواییکرد

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی حەج و زیارەتی پارێزگای سنە رایگەیاند، حەوتەمین حاجیی خەڵکی ئەو پارێزگایە لە شاری مەککەی سعودیە کۆچی دواییکردووە. 
 
کاوە شێرزادی، بەرپرسی حەج و زیارەتی پارێزگای سنە، رایگەیاند، ئەو حاجییە ناوی عارف جامخانەیە و خەڵکی شاری مەریوان بووە، بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە لە شاری مەککە  گیانی لە دەست داوە، بەمەش ئەوە دووم حاجی خەڵکی مەریوان و حەوتەمین حاجی پارێزگای سنەیە، لە مەککە گیان لەدەستدەدات.
 
کاوە شێرزادی دەڵێت، گەرمای ئەمساڵی سعویە لە 25 ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری حاجییان بەهۆی گەرماوە. 
 
ئەمساڵ لە پارێزگای سنەوە هەزار و 340 کەس بە نۆ کاروان چوونەتە حەج.
 
تائێستا 10 حاجی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێوڕەسمەکانی حەجدا گیانیان لەدەستداوە. ئەو حاجییانەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە رێوڕەسمەکانی حەجدا گیانیان لە دەستداوە، خەڵکی شارەکانی بانە، دیواندەرە، مەریوان و روانسەر بوون.
 
مستەفا مەحموودزادە کە تەمەنی 111 ساڵ و خەڵکی شاری بانە بوو و وەک بە تەمەنترین حاجی کوردستان و ئێران دەناسرا، گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران، ئەمساڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە 87 هەزار و 550 کەس چوون بۆ حەج.
 

ئامادەکردن: ژیلا ئەسعەد