ئەردۆغان: لە باکووری سووریا ناکشێینەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەرگاواڵایی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی سووریا نیشاندەدات و رایدەگەیێنێت، ئەوان دەیانەوێت تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێتەوە، بەڵام ناکشێنەوە، چونکە بە گوتەی خۆی، لەوێ "رووبەڕووی تیرۆر" دەبنەوە.
 
بەر لە بەڕێکەوتنی بەرەو سعودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی لە ئیستەنبووڵ سازکرد و وەڵامی پرسیاری میدیاکارانی دایەوە. سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان رایگەیاند، لەم ماوەیەی دواییدا رێگەیەکی دوورودرێژیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بڕیوە و هەموو جۆرە پشتیوانییەکی ماددی و مەعنەوییان لە دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات وەرگرتووە. راشیگەیاند، وڵاتانی دۆست و برا هاوسۆزییەکی تەواویان بۆ تورکیا نیشان دا لە زۆر بواردا.
 
ئەردۆغان لەبارەی ئەگەری پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و سووریا، گوتی: "ئێمە لەگەڵ سووریا دەرگەمان دانەخستووە. دەرگە کراوەیە. ئێمە لە بابەتی کۆبوونەوەشمان لەگەڵ بەشار ئەسەد دەرگەمان دانەخستووە. کۆدەبینەوە! تەواوی بابەتەکە شێوازی نزیکبوونەوەی ئەوانە لە ئێمە. ئێستا ئەسەد دەیەوێ تورکیا لە باکووری سووریا بکشێتەوە. بێگومان ئەمە نابێت، چونکە ئێمە لەوێ بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە."
 
دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، تورکیا سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ شام پچڕاند، بەڵام لە ساڵی 2021، تورکیا دەستی بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کردەوە. ئابی 2022 مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیا رایگەیاند، تشرینی یەکەمی 2021 لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، هاوتا سوورییەکەی لە بولگاریا کۆبووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە هەردوو وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ بە سەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی رووسیا کۆبوونەوە.