تەندروستیی غەززە: 500 کەس بەهۆی بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی غەززە گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی غەززە دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانیی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 500 کەس.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری تەندروستیی جیهانی داوای دەستبەجێ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە غەززە دەکات و دەڵێت، "تەندروستیی جیهانی، بە تووندی سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی سەر نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی لە غەززە دەکات."
میسر سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەجێ دەستوەردان بکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییانەی دەکرێن.
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گوتی، هێرشی سەر ئەو نەخۆشخانەیە "تۆقێنەرە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە".
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئاماژەی بەوەشکرد، "قبووڵکراو نییە نەخۆشخانەیەک بکرێتە ئامانج".