چوار سیناریۆ بۆ جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە دوای جەنگی ئێران؛ ململانێی ئەمریکا و چین چی لێ دێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە مانگێک لە جەنگ و لە نێوەندی ئاگربەستێکی ناسەقامگیردا، ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند، تەنگەی هورمز بە رووی ئەو کەشتییانەدا دەکاتەوە کە بە رێڕەوێکی پێشوەختە دیاریکراودا دەڕۆن. هاوکات دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی داوە گەمارۆی دەریایی سەر کەشتییە ئێرانییەکان بەردەوام بێت. هەرچەندە زۆربەی گفتوگۆکان لەسەر داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، بەڵام رەهەندێکی گرنگتر هەیە کە نابێت پشتگوێ بخرێ: کاریگەریی ئەم جەنگە لەسەر کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و چین.
 
ئەم کێبڕکێیە لەسەر بنەمای دوو فاکتەر هەڵدەسەنگێندرێت: ئاستی پابەندیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە (سنووردار یان یەکلاییکەرەوە) و هەڵوێستی چین (بێدەنگ و سوودمەندی ئابووری یان چالاک و پشتیوان لە بووژانەوەی ئێران). لێرەدا چوار سیناریۆ بۆ داهاتوو دەخەینەڕوو:

سیناریۆی یەکەم: کەمبوونەوەی کۆنترۆڵکراوی هەژموونی ئەمریکا
(ئەمریکا: سنووردار - چین: بێدەنگ)
 
ئەمە نزیکترین سیناریۆیە بۆ دۆخەکە. ئاگربەستەکە تەنیا هێندە دەخایەنێت کە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی لێ بکەوێتەوە نەک رێککەوتنێکی گشتگیر. ئەمریکا گورزی کاریگەری لە درۆن، مووشەک و ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران داوە، بەڵام "گۆڕینی رژێم" رووی نەداوە. چین لە دوورەوە تەماشا دەکات و پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ تاران پەرە پێ دەدات.
 
ئەگەر کێشەی هورمز سنووردار بێت، سیستمەکە دەمێنێتەوە و هاوبەشیی ئەمنی نێوان ئەمریکا و کەنداو قووڵتر دەبێت. لەم دۆخەدا زیانی ئەمریکا تەنیا لەنێو هاوپەیمانە ئەورووپییەکانیدا دەبێت. بەڵام ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە تێکدانی ئاسایشی تەنگەکە یان وەرگرتنی "باجی تێپەڕین"، دۆخەکە خراپ دەبێت؛ ژاپۆن و کۆریای باشوور رووبەڕووی بژاردەی سیاسیی قورس دەبنەوە و یەکڕیزیی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا پەکی دەکەوێ، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی چین کۆتایی دێت.

سیناریۆی دووەم: دەستکەوتی ستراتیژی بۆ پەکین
(ئەمریکا: سنووردار - چین: چالاک)
 
لەم سیناریۆیەدا، پەکین وا دەبینێت کە واشنتن نایەوێ یان ناتوانێت جەنگەکە یەکلایی بکاتەوە، بۆیە خۆی دێتە نێو مەیدانەکە. پشتگیریی چین بۆ ئێران لە "سوودمەندییەکی ئابووری"یەوە دەگۆڕێ بۆ هاوکاریی سەربازی، هەواڵگری و لۆجیستی. هاوپەیمانیی (چین-رووسیا-ئێران) بەهێزتر دەبێت و تاران زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێ، برینەکانی جەنگ سارێژ دەکاتەوە.
 
ئەگەر ئێران رێگە تەنیا بۆ کەشتییە چینییەکان بکاتەوە، لێکەوتەکان جیهانی دەبن. سزاکانی ئەمریکا بێ کاریگەر دەبن، چونکە هاوپەیمانە ئەورووپی و ئاسیاییەکان ئاسایشی وزەی خۆیان دەخەنە پێش هاوپەیمانی لەگەڵ واشنتن. دەرکەوتنی سنوورەکانی دەسەڵاتی ئەمریکا لە بەرچاوی جیهانگەورەترین شکست دەبێت بۆ واشنتن.

سیناریۆی سێیەم: سەلماندنەوەی باڵادەستیی ئەمریکا
(ئەمریکا: بەردەوام و یەکلاییکەرەوە - چین: بێدەنگ)
 
ئەگەر دانوستاندنەکان شکستیان هێنا، واشنتن بڕیار دەدات جەنگەکە یەکلایی بکاتەوە. لەم سیناریۆیەدا، ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە بۆ سڕینەوەی تەواوەتیی تۆڕی درۆن و مووشەک، دەستبەسەرداگرتنی مادە ئەتۆمییەکان و پاککردنەوەی کەناراوەکانی هورمز دەستپێدەکات تاوەکو ئێران خۆی بەدەستەوە دەدات یان دەڕووخێت.
 
ئەگەر چین دەستوەردان نەکات، ئەمریکا باڵادەستیی خۆی دەسەلمێنێتەوە و چین هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگ لەدەست دەدات. وڵاتانی ناوچەکە جارێکی دیکە لەگەڵ واشنتن رێکدەکەونەوە. بەڵام ئەم سەرکەوتنە باجێکی زۆری دەبێت، چونکە پڕکردنەوەی ئەو کۆگا گەورەیەی ئەمریکا لەم جەنگەدا خەرجی دەکات، چەندین ساڵی دەوێ، ئەمەش ئامادەیی ئەمریکا بۆ جەنگەکان دیکە (وەک تایوان) کەم دەکاتەوە.

سیناریۆی چوارەم: خاڵی وەرچەرخانی هێزە گەورەکان
(ئەمریکا: بەردەوام - چین: چالاک)
 
ئەمە مەترسیدارترین سیناریۆیە. ئەمریکا هەوڵی بردنەوەی یەکلاییکەرەوە دەدات. چینیش بە رادەستکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی و هەواڵگری بە ئێران وەڵام دەداتەوە. هاوکات پەکین گوشارەکان لەسەر تایوان و دەریای چینی باشوور زیاد دەکات. واشنتن رووبەڕووی جەنگێک لە دوو بەرەی جیاوازدا دەبێتەوە کە لە دوای جەنگی ساردەوە شتی وای نەبینیوە.
 
لەم دۆخەدا، هاوپەیمانیی نێوان مۆسکۆ، تاران، پەکین و پیۆنگیانگ دەبێتە بەرەیەکی جیهانیی بەهێز. تەنانەت ئەگەر ئەمریکا لە رووی سەربازییەوەش بیباتەوە، سەرکەوتنەکەی وەک شکست وایە، چونکە بە باجی نەمانی تەقەمەنییە گرنگەکان، تێپەڕینی جیهان بە نێو سستبوونێکی ئابووریی قووڵ و دروستبوونی ژینگەیەکی نێودەوڵەتیی جیاواز بەدەست دێت.
 
ئەنجام
داهاتووی ناوچەکە بەندە بەوەی داخستنی تەنگەی هورمز چەند دەخایەنێت. پەککەوتنی درێژخایەنی ئەم رێڕەوە، بازاڕەکان و هاوپەیمانییەکان بە جۆرێک دەگۆڕێت کە کاریگەرییەکەی لە ئەنجامی هەر جەنگێکی سەربازی زیاتر دەبێت. ئێستا جیھان لەبەردەم ساتەوەختێکی ستراتیژیی مەزندایە؛ چەکەکان بێدەنگ بوون، بەڵام ململانێی هێزە مەزنەکان هەر بە گەرمی بەردەوامە.
 
ئەم راپۆرتە لە ئەتڵەنتیک کاونسڵ بڵاوبووەتەوە