بەرپرسێکى سوپاى سووریاى ئازاد: لەگەڵ تورکیا هێرش دەکەینە سەر یەپەگە

رووداو- هەولێر

تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکانى بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین، سەرەتاى ئەم هەفتەیە چەند تۆپێکى سوپاى تورکیا گەیشتنە نێو شارۆچکەکە، بەرپرسێکى باڵاى پەکەکەش دەڵێت ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەریان، ئەوێ دەکەنە کۆبانێى دووەم. 

دوایین هەڕەشەى تورکیا بۆ سەر عەفرین لە زارى گەورەترین بەرپرسى ئەو وڵاتەوە هات. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانى تورکیا کە هەفتەى رابردوو بە مەبەستى بەشدارى لە کۆنفرانسى G20 لە ئەڵمانیا بوو، بە پەیامنێرى (رووداو)ى گوت: "شاری عەفرین بووەتە هەڕەشە لەسەر تورکیا و لەوێوە هێرش دەکرێتە سەر شاری کیلس". گوتیشى  "رێگا بە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری سووریا نادەین".

دواى قەڵغان نۆرەى شمشێرە

هەڕەشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە ساڵى رابردوو یەکینەکانى پاراستنى گەل هەرسێ شارۆچکەى منخ، تەلڕفعەت و دێرجەمال و چەند گوندێکى باشوورى شارۆچکەى ئەعزازیان لە دەستی ئۆپۆزیسیۆنى سووریا دەرهێنا کە لە تورکیاوە نزیکن. ئێستا ئۆپۆزیسیۆنى سووریا دەیەوێ بە پاڵپشتیى تورکیا دەست بە ئۆپەراسیۆنێکى هاوشێوەى قەڵغانى فورات بکات بەناوى شمشێرى فورات.

مستەفا سێجەرى، فەرماندەی لیوای ئەلموعتەسەم بە (رووداو)ى گوت، لە شاری عفرینەوە هێرش کرایە سەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ جێبەجێکردنی پلانی رووسیا و رژێمی سووریا. رژێم هاوسنووری عفرینە، بەڵام یەکجاریش هێرش نەکرایە سەر هێزەکانی ئەسەد لە نوبل و زەهرا".
مستەفا سێجەرى ئاشکراى کرد لەگەڵ تورکیا خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێکى بەرفراوان ئامادە کردوووە، بۆ ئەوەى ئەو سێ شارۆچکەیەى ساڵى رابردوو یەپەگە لەدەستى دەرهێنان، بیگەڕێننەوە ژێر کۆنترۆڵى خۆیان. سێجەرى گوتى "یەپەگە ئەو ناوچە عەرەبنشینانەى داگیر کردووە و ئامادە نییە بە دانوستاندن بیانگەڕێنێتەوە".  

ماوەیەک لەمەوبەر بەناوبژیوانیی ئەمەریکا، لیوای موعتەسەم و شاندێکی یەپەگە کۆبوونەوە، سەرەڕای ئەوەی لیواکە دەڵێ رێککەوتوون لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە، بەڵام رێککەوتنەکە سەری نەگرت.

شاری عفرین لە باکووری رۆژئاوای کوردستان بۆ گرێکوێرەی هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی نێو سووریا گۆڕاوە. لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، تورکیا چەندین جار هەڕەشەی لە هێزە کوردییە چەکدارەکانی ئەو ناوچەیە کردووە و هۆشداریی داوە کە سوپاکەی ئامادەیە بچێتە نێو خاکی سووریاوە و عفرین بکاتە ئامانج.

یەکینەکانی پاراستنی گەل ناوچەکانی تەلڕەفعەت لە باکووری رۆژئاوای حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووە و ئەوەش بەگوتەی تورکیا، ئامانجی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات بەنیوەچڵی دەهێڵێتەوە کە لە بنچینەدا ئامانجە راستەقینەکەی بەستنەوەی باکووری رۆژهەڵاتی حەلەبە بە باکووری رۆژئاوای و بڕینی رێگەی یەپەگەیە لە رۆژئاواى سووریا بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سووریا.

هەرسێ شارۆچکەکە منغ، تەلڕەفعەت و دێرجەمال هاوسنووری ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی سووریان، ئەگەر لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵ بکرێن، ئەوا عفرین بە یەکجارى گەمارۆ دەدرێت، لەبەرئەوەی نوبل و زەهرا، هەم عفرین بە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و هەم بە ناوچەکانی حکومەتی سووریا لە حەلەب تاوەکو دیمەشق دەبەستێتەوە.

 بۆیە تورکیا (بەپێی نەخشەکە) لە هەوڵی ئەوەدایە ئیعزاز لەگەڵ هەرسێ شارۆچکەکە پێکەوە ببەستێتەوە و بەشێوەیەکی بازنەیی عفرین گەمارۆ بدات.

ماوەى چەند رۆژێکە سوپاى تورکیا چەکى قورس رەوانەى سنوورى عفرین دەکات و بەردەوامیشە لە بۆردومانکردنى عفرین و دەوروبەرى، بەڵام پەکەکە هۆشدارى دەداتە تورکیا و دەڵێت ئەگەر هێرش بکاتە سەر عفرین، کۆبانێى دووەم دووبارە دەبێتەوە.

موراد قەرەیڵان، فەرماندەى ناوەندیى هێزەکانى پاراستنى گەل (باڵى سەربازیى پەکەکە) رایگەیاند "تورکیا دەیەوێت بەشداریی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەى رەققە بکات و ئەوەی لەدەستی چووە بیهێنێتەوە، بۆ ئەوەش دەیەوێت باس لە داگیرکردنی عەفرین بکات، بەڵام بێگومان ئەو کارە هەروا ئاسان نییە، چونکە ئەگەر تورکیا بچێتە نێو عفرین،  بێگومان کۆبانێی دووەم دەبینن". 

لەگەڵ هەڵکشانی هەڕەشەکان، ئامادەکارییەکانیش چڕتر دەبن. یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەکێکە لە رێکخراوترین هێزە چەکدارەکانی نێو سووریا و لە نزیکەی 50 هەزار چەکدار پێکهاتووە. بەشداری لە چەندین شەڕی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستاندا کردووە کە دیارترینیان شەڕی کۆبانێ و سەرێکانی بوو. هاوکارى لە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش وەرگرتووە، بە تایبەتیش چەکی سووک و هاوەن و دژە تانک.

لەبەرامبەردا، سوپای ئازادی سووریا سەرکردایەتییەکی هاوبەش و یەکگرتووی نییە، لە نزیکەی 25 هەزار چەکدار پێکهاتووە و بەشداری لە چەندین شەڕی چەکداریدا کردووە لە سووریا. هاوکاریی چەک و تەقەمەنی لە وڵاتانی تورکیا، ئەمریکا، قەتەر، سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکە وەردەگرن.

چارەنووسى 14 قاچاخچى نادیارە

کانتۆنى عفرین لە هەردوو کانتۆنى جزیرە و کۆبانێ دابڕێنراوە، یەپەگە دەمێکە هەوڵ دەدات کۆریدۆرێک بۆ کانتۆنى عفرین بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە ناچاربووە بە قاچاخ چەک بگەیەنێتە عفرین.

گواستنەوەى ئەو چەکانە بۆ عفرین تورکیاى نیگەران کردووە، لەوبارەیەوە گلەیى لە ئەمریکا کردووە، بۆیە ئەمریکا بەڵێنى داوە لەمەودوا هەر چەکێک بۆ یەپەگە بنێرێ، کۆدەکەى بداتە تورکیا. 

لە دیسەمبەرى ساڵی رابردوودا، سوپای تورکیا 17 کەسى لەسەر سنووری دربێسیێ و باکووری کوردستان دەستگیر کرد کە چەکی تاویان پێبووە و دەیانویست ئاودیوی سنووری بکەن. سێ لەوان بە ناوەکانى (خالید چەکرۆ، مەعرووف یەحیا و محەممەد عەلی مستەفا) لەلایەن تورکیاوە 

تاوەکو ئێستاش چارەنووسی 14 لەو قاچاخچییانە دیار نییە و پێدەچێت لە زیندانەکانی تورکیادابن، بەڵام هەم حکومەتی تورکیا و هەم پەیەدەش باسەکەیان داپۆشی و هیچیان لەبارەوە نەگوت، تەنیا هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی جزیرە لە پۆستێکى فەیسبووکدا نووسیبووى: "گەنجە شەهیدەکانی سەر سنوور، ئەرکی  نیشتمانپەروەرییان بەجێهێنا".