فەلەستین پرۆژەی لابردنی "داگیركاریی ئیسرائیل"ی پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایش كرد
رووداو - سكای نیوز
فەلەستین پرۆژە بڕیارێكی بە مەبەستی دانانی كاتێكی دیاریكراو بۆ لابردنی "داگیركاریی ئیسرائیل" لەسەر وڵاتەكەیان پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد.
ریاز مەنسوور، باڵیۆزی فەلەستین لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، كە پرۆژە بڕیارەكەیان بە رەنگی زەرد پێشكەش كردووە بەو واتایەی، كە دەرگای گفتوگۆكردن لەسەر ناوەڕۆكی پرۆژەكە دانەخراوە و گوتیشی، "بە پێی ناوەڕۆكی پڕۆژە بڕیارەكە، دەبێت لەماوەی 12 مانگدا لایەنی فەلەستینی و ئیسرائیلی بگەن بە ئاشتییەكەی گشتگیر و تەواو. هەروەها دەبێت سوپای ئیسرائیل لە تەواوی ئەو ناوچانە بكشێتەوە، كە لە دوای ساڵی 1967ـەوە داگیری كردوون و دەشبێت كشانەوەكە بە چەند قۆناخێك بێت و تاوەكو كۆتایی ساڵی 2017ش بەردەوام بێت".
باڵیۆزی فەلەستین لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەشكرد، كە كۆمەڵەی عەرەبی لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی ئوردنەوە بە فەرمی پرۆژە بڕیارەكەیان پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە، بەو پێیەی ئەو وڵاتە ئێستا ئەندامە لەو ئەنجوومەنە.
پەسندكردنی پرۆژە بڕیارەكەش پێویستیی بە دەنگی 9 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی هەیە، ئەگەر هاتوو ئەمریكا، كە هاوپەیمانیی سەرەكی ئیسرائیلە، مافی ڤیتۆ لە دژی پرۆژە بڕیارەكە بەكارنەهێنێت.