سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەبوزەبی لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و جەخت لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە."
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە؛ ئەو وڵاتە دەوڵەمەندەی کەنداو، لە دوای تورکیا و ئێرانەوە، سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە.
ئاڵۆگۆڕی ئابووریی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی، لە ساڵی 2007، بە وەبەرهێنانی ئیمارات لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا دەستیپێکرد، کە میرنشینە عەرەبییەکە یەکەمین وڵات بوو لەسەر ئاستی جیهان دەست بە کارکردن لە کێڵگە گازی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکات.
ئێستاش کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی، رۆڵی سەرەکیی لە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆری گەورەترین کێڵگەی گازی هەرێمی کوردستان لە چەمچەماڵی پارێزگەی سلێمانیدا دەگێڕێت.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات بۆ ئەو دیوی کەرتی وزەش گەشەیان سەندووە و ئێستا هەولێر و ئەبوزەبی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری، پیشەسازی و بازرگانیشدا پێکەوە کاردەکەن.