ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران


رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ مووشەکەکانی ئیسرائیل چەند بنکەیەکیان لە ئیسفەهان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتە ئاسمانییەکان لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راگیران. 
 
میدیای ئێران دەڵێت، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە نزیک فڕۆکەخانەی ئیسفەهان بیستراون. هاوکات دوو بەرپرسی ئەمریکی بە کەناڵی سی بی ئێسی هاوبەشی رووداویان راگەیاندووە، "مووشەکێکی ئیسرائیل ئێرانی کردووەتە ئامانج."
 
ئەوەی تاوەکو ئێستا دەیزانین

- سێ بەرپرسی ئێرانی بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان گوتووە کە هێرشێک بنکەیەکی ئاسمانیی هێزەکانی ئێرانی لە ئیسفەهان کردووەتە ئامانج بەبێ ئەوەی بڵێن ئیسرائیل هێرشەکەی کردووە، بەڵام دوو بەرپرسی سەربازیی ئیسرائیلی گوتوویانە "ئێمە هێرشەکەمان کردووە."

- کەناڵی ئێن بی سی و ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخەکە دەڵێن، ئیسرائیل پێش هێرشەکە ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە کە دەیانەوێت لە 24 بۆ 48 کاژێردا هێرش بکەنە سەر ئێران. 

- میدیای ئێرانی دەڵێت: بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە "بەتەواوی پارێزراون."
 
- بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەسەر چەند پارێزگایەکی وڵاتەکە چالاککراوە.
 
- هێڵی ئاسمانیی ئێران لە کاژێر 07:30 خولەکی ئەم بەیانییە بەکاتی هەولێر رایگەیاند، گەشتەکان لە سەرانسەری ئێران ئاسایی بوونەوە. 
 
ئیسفەهان بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانیی گەورەی تێدایە لەگەڵ چەند بنکەیەکی ئەتۆمی.
 
- میدیای فەرمیی ئێران ئەم بەیانییە دیمەنێکی ئیسفەهانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دۆخی ئیسفەهان ئارامە. 
 
 
سیاڤوش میهاندۆست، بەرپرسێکی باڵای سوپای ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، هێرشەکەی ئەم بەیانییە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە. دەشڵێت، ئەو دەنگەی لە ئیسفەهان بیستراوە، بەهۆی ئەوەوە بووە سیستمی بەرگریی ئاسمانی "تەنێکی گوماناوی کردووەتە ئامانج."