سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی ئەراک


رووداو - هەولێر

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا "ریاکتەرێکی ئەتۆمیی ناچالاک"یان لە ئەراکی ئێران پێکاوە و جارێکی دیکەش بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز کراوەتە ئامانج.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "ریاکتەری ئەتۆمی لە ناوچەی ئەراکی ئێران کرایە ئامانج، لەوانەش مۆری ئەتۆمیی ریاکتەرەکە، کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆمدا."
 
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە بۆ سەر بنکەکە "بۆ رێگریکردن لە نۆژەنکردنەوەی ریاکتەرەکە و بەکارهێنانی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی" بووە.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرباری ئەوەش، (هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل) هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەی نەتەنز"؛ ئاماژە بەوەش کراوە، نزیکەی 40 فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەشدارییان لە هێرشەکەی شەودا کردووە و "دەیان" بنکەیان پێکاوە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل بنکەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆمیان لە بنکەی نەتەنز وێرانکردووە.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە رایگەیاند، پێدەچێت "پێکانی راستەوخۆ" لە بەشی ژێرزەوی بنکەکەدا روویدابێت.
 
تاران بەردەوام رەتیکردووەتەوە کە هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی بدات.
 
کارکردن لەسەر ریاکتەری توێژینەوەی ئاوی قورسی ئەراک لە دەوروبەری لە سەرەتای 2000 دەستیپێکرد، بەڵام بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015، کە لەنێوان ئێران و زلهێزانی جیهاندا واژۆ کرا و ئێستا وازی لێهێنراوە، کارکردن تێیدا راگیرا.
 
ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی لەبارەی پلانەکانی بۆ خستنەگەڕی ریاکتەرەکە تاوەکو ساڵی 2026 ئاگادارکردبووەوە.
 
ریاکتەرە توێژینەوەییەکە بە فەرمی بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم بۆ توێژینەوەی پزیشکی دانرا، هەروەها بنکەکە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی ئاوی قورسیشی لەخۆدەگرت.