ئەردۆغان ئۆتۆمبێلی تورکیی"Togg" پێشکێش بە میری قەتەر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئۆتۆمبێلی دروستکراوی تورکیا "Togg"ـی پێشکێش بە تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر کرد.
بەر لە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و کۆبوونەوەی نێوان شاندەکان لە کۆشکی لوسەیل لە دەوحە، ئەردۆغان ئۆتۆمبێلێکی "Togg"ی رەنگی "شین"ی وەکو دیاری پێشکێش بە تەمیم بن حەمەد ئال سانی کرد.
دواتر هەردووکیان لەنێو کۆشکەکەدا سەیری ئۆتۆمبێلەکەیان کرد و چەند ساتێک گفتوگۆیان کرد. میری قەتەر ئەو تۆپەی نیشانی سەرۆککۆماری تورکیا دا کە لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2022 لە یاریی نێوان هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و فەرەنسا یاریی پێکرا. ئەو تۆپە بە گرنگییەوە هەڵگیراوە و واژۆی لیۆنێل مێسی لەسەرە.
ئەردۆغان لە سەردانەکەی وڵاتی سعودیەشیدا ئۆتۆمبیلێکی TOGGی پێشکێش بە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە کرد.
وێستگەی داهاتووی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ وڵاتانی کەنداو، ئیماراتە؛ سەرۆککۆماری تورکیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەمەد لە دەوحە لەلایەن خالید بن محەمەد ئال عەتییە، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی قەتەر، مەھمەت مستەفا گۆکسو، باڵیۆزی تورکیا لە دەوحە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەوە بەڕێکرا. ئەردۆغان لە ئیماراتیش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
حوزهیرانی 2018 پرۆتۆكۆڵی دامەزراندنی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی تورکیا لەنێوان حکومەتی تورکیا بەنوێنەرایەتیی گرووپی بهڵێندهرایهتیی پیشهسازیی بەرهەمی ئۆتۆمبێلهكانی توركیا TOGG و پێنج کۆمپانیای وەبەرهێنانی پیشەسازیی واژۆکرا. بهردی بناخهی دامهزراندنی كۆمپانیاكهش ئهیلوولی ههمان ساڵ دانرا.
پشكی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان بهمشێوهیهیە: گرووپی كۆمپانیاكانی ئهنادۆڵ بهپشكی 19%، گرووپی كۆمپانیاكانی بی ئێم سی BMC بهپشكی 19%، گرووپی كۆمپانیاكانی كۆك بهپشکی 19%، گرووپی كۆمپانیاكانی توركسێل به پشكی 19%، گرووپی كۆمپانیاكانی زۆڕڵو بهپشكی 19% و یهكێتیی ژوورهكانی بازرگانی و پیشهسازیی توركیا بهپشكی 5% كۆمپانیاكه پێكدههێنن.
دیزاینی ئۆتۆمبێلی Togg، لەلایەن كۆمپانیای پینینفارینا Pininfarinaی ئیتاڵییهوه کراوە کە یەکێکە لە بەنێوبانگترین كۆمپانیاکانی دیزاینی ئۆتۆمبێل له جیهان و له ساڵی 1930 دامهزراوه.
ئەو كۆمپانیایه هاوكات دیزاینی برانده بهناوبانگهكانی وهك ئۆتۆمبێلهكانی فێراری، لامبورگینی، فیات، ئالفا رۆمیۆ، لانسیا، ماسێراتی، كادیلاك، ڤۆلڤۆ و بیجۆ کردووە و دەکات.
براندی ئۆتۆمبێلی TOGG بەرهەمێکی 100٪ کارەباییە، دروستکراوی تورکیایە و پێنج مۆدێلی هەیە.