لە مەککە وەرگێڕەکان بەخۆڕایی رێنوێنی حاجیان دەکەن
رووداو-هەولێر
ساڵانە بەرپرسانی سعودیە ئاسانکاری زۆر بۆ حاجیان دەکەن و دەیانەوێت ئەو ماندووبوونەی لە بەجێگەیاندنی فەرزەکەیان دەیبینن کەمی بکەنەوە.
لە هەنگاوێکی نوێدا لە مەککە وەرگێڕ بە خۆڕایی رێنوێنی خەڵک دەکەن و بە هەموو زمانێک رێنمایی و شوێنەکان پیشانی خەڵک دەدەن، بەرپرسانی مەککە دەڵێن هەنگاوی دانانی وەرگێڕ لەبەرئەوەیە سەتا 80ـی ئەوانەی بۆ حەج دەچنە سعودیە زمانی عەرەبی بە باشی نازانن.
بە هەر سووچێکی مەککەدا بڕۆی پیاوێک وەستاوە و کەسانێک دەوریان لێداوە رێنوێنی و ناونیشانی شوێنەکانی لێوەردەگرن. کەسێک بە روویێکی خۆشەوە کاری وەرگێڕی بەخۆڕایی بۆ خەڵكی ناشارەزا دەکات. ژماریەک فەرەنسیزمان چوار دەوریان گرتووە و هیچ ترسیان لە ونبوون نییە.
عەبدولموئمین عەساکەت، وەرگێڕی فەرەنسی لەبارەی ئەو کارەی دەیکات دەڵیت: "هەوڵدەدەین بە وەرگێڕان یارمەتی خەڵک بدەین تاوەکو شوێن بدۆزنەوە و لە پۆستەر و نەخشە و شوێنەکان تێبگەن. بە دە زمان کاردەکەین، بۆ وەرگێڕانی دەنگیش بە پێنج زمان کاردەکەین."
لەماوەی شەش رۆژی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، کە لە رۆژی یەکشەممەوە دەستپێدەکات، سەدان هەزار حاجی روو لە مەککە دەکەن. بەگوێرەی داتایەکی ئیدارەی مەککە، 80%ـی ئەو خەڵکانەی روو لە سعودیە دەکەن عەرەبزمان نین.لە ساڵی 2013ی زایینییەوە، کە دەکاتە 1453ی کۆچی، خەڵکی بیانی کێشەی زمانیان لە مەککە نەماوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، زۆربەی حاجیانی ماڵی خوا ئەندەنووسین، خەڵکێکی زۆریش بە ئۆردوویی قسە دەکەن و فەرەنسیزمانیش زۆرن. ئەو وەرگێڕانە 24 کاژێر بەردەوامە، بە هەریەک لە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، فارسی، مالی، تورکی، چینی، ئووردوو و یەک دوو زمانی دیکە وەرگێران دەکەن.