موقتەدا سەدر داوای مانگرتنی گەلانی عەرەبی، موسڵمان و ئاشتیخوازان دژی ئیسرائیل دەکات
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر داوا لە چوار وڵات دەکات سنوورەکانیان بۆ گەلانی عەرەبی و موسڵمان بکەنەوە بۆ ئەوەی لەسەر سنووری فەلەستین یارمەتییەکان بگەیێنن و تاوەکو لابردنی گەمارۆی سەر غەززە مانبگرن. سەدر داوای کرد لەو کارەدا نابێت هیچ حکومەت و لایەنێکی سەربازی دەستوەردان بکەن و گوتی، "بەبێ چەک بێت و تەنیا کفن هەبێت."
شەوی پێنجشەممە، 19-10-2023، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا، لەبارەی رەوشی غەززەی فەلەستین قسەیکرد بەبێ ئەوەی بچێتە وردەکاریی شەڕەکە و باسی هیچ گرووپێکی چەکداری فەلەستینی بکات، جەختی لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و لابردنی گەمارۆی سەر غەززە کردەوە.
لە دەرکەوتنیدا بۆ پێشکێشکردنی گوتارە ڤیدیۆییەکەی، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئاڵای عێراق و فەلەستین بە جیا لەلای راستی دانرابوو، لە پشتەوەشی نەخشەیەک کە ئیسرائیل و فەلەستینیشی تێدایە دەردەکەوێت، بەڵام ئەو نووسینانەی لەسەر نەخشەکە هەبوو ناوی هیچ شار و گوندێکی ئیسرائیلی تێدا نەبوو و لەبری ئەو نەخشەیەی ئێستا هی هەردوو وڵاتی فەلەستین و ئیسرائیلە؛ نووسراوە فەلەستین، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی خاکی فەلەستین داگیرکراوە.
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد.
ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە، 19-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، دواین ئامارەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە بەپێی ئامارەکە ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سێ هەزار و 785 کەس زیادیان کردووە، لەنێویاندا هەزار و 524یان منداڵ و هەزاریان ئافرەتن و 120 کەسیان بەتەمەنن، جگە لەوەش 12 هەزار و 493 کەسی دیکەش برینداربوون سێ هەزار و 983یان منداڵ و سێ هەزار و 300 کەسیان ئافرەتن.
وەزارەتەکە روونیشیکردووەتەوە: "بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 44 کەس لە تیمە پزیشکییەکان کوژراون و 70شیان برینداربوون، 23 ئەمبوڵانیش کراونەتە ئامانج و لەکارخراون."
دەقی پەیامەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان،
لە باوەڕبوونم بە دۆزی فەلەستینی لە هەموو لایەنەکانییەوە، بەتایبەت لایەنی مرۆیی و لە باوەڕبوونی تەواوم بەوەی دۆزی فەلەستینی هێشتا رووبەڕێکی فراوان لە دڵی گەلانی عەرەبی و ئیسلامی و تەنانەت سەرجەم ئەوانەی ئاشتییان دەوێت هەیە، لە متمانەمەوە بە گەلانی ستمەلێکراو لە هەموو جیهان، بەتایبەت دوای دۆخی کارەساتباری مەترسیدار کە بەسەر خەڵکەکەمان لە غەززەی خۆشەویستدا دێت؛ لە بڕینی ئاو و کارەبا و کەرەستەی پزیشکی و بۆردوومانی تیرۆریستیی بۆ سەر نەخۆشخانەکان و کوشتنی منداڵان و ئافرەتان و هاووڵاتیانی سڤیل بەبێ پاساو و رەوایەتی. بۆیە، لە رەهەندی شەرعی و مرۆییەوە داوا لە گەلانی ئیسلامی و عەرەبی و هەموو ئاشتیخوازان دەکەم بۆ گردبوونەوەیەکی ئاشتییانە لە هەموو ئەو وڵاتانە و بەبێ دەستوەردانی حکومەتەکان، تەنیا بە چاوپۆشیکردن و رێگەپێدان نەبێت، گردبوونەوەیەک بێت میللی و ئاشتییانە بۆ رۆیشتن لەپێناو مانگرتنێکی ئاشتییانە لە سنووری فەلەستین لەگەڵ میسر، سووریا، لوبنان و تەنانەت ئوردنیش، بەبێ هیچ چەکێک، بەبێ هیچ چەکێک، تەنیا کفنەکان نەبێت، مانەوە تاوەکو لابردنی گەمارۆ و گەیاندنی ئەوەی پێویستە بە خەڵکانمان لە غەززە باکوور و باشووری، گەیاندنی یارمەتییە خۆراکی و پزیشکییەکان و ئاو، رێگەش ناگرین لە پشکنینی لەلایەن لایەنێکی بێلایەنەوە کە هەمووان لەسەری رێکبکەون، وەکو نەتەوەیەکگرتووەکان یان هی دیکە، ئەگەر هاوئاهەنگیمان لە گەلانەوە بینی، ئەوا دواتر وادەیەک دیاریدەکەین بۆ کۆبوونەوەمان بە رێککەوتن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، دوور، دووبارەی دەکەمەوە دوور لە حکومەت و لایەنە سەربازییەکان و ئەوانەی لەو شێوەن.