پەیامنێرێکی هاوبەشی رووداو بە نهێنی دەچێتە نێو تەنگەی هورمز
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری کەناڵی CBSی ئەمریکی، هاوبەشی تۆڕی میدیایی رووداو لە گرووپی ئینێکس (ENEX)، گەشتێکی مەیدانی بۆ نێو تەنگەی هورمز ئەنجام دەدات و لەوێوە دیمەنی ئەو کەشتیانە دەگوازێتەوە کە لە نێو رێڕەوە ئاوییەکەدا گیریان خواردووە.
لە وشکانییەوە، کەشتی لە دوای کەشتی دەبینرێن کە لە تەنگەی هورمزدا پەکیان کەوتووە. پەیامنێرە هاوبەشەکەی رووداو لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: "سەرسوڕهێنەرە کە دەبینی ئەم رێڕەوە ئاوییە شوێنی تێپەڕینی 20٪ی وزەی جیهانە و ئێستا بووەتە سەنگەری پێشەوەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران."
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە، چوونە نێو تەنگەکە لە رۆژنامەڤانان قەدەخە کراوە، هەر بۆیە تیمی رۆژنامەڤانییەکە بۆ گەیشتن بەو شوێنە، خۆیان وەک گەشتیار نیشانداوە.
پەیامنێرەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ رێبەرێکی گەشتیاری رێککەوتوون تاوەکو بە بڕی 100 دۆلار و بە بەکارهێنانی ئەو بەلەمانەی بۆ چەندین نەوە لە لایەن ماسیگرەکانەوە بەکارهێنراون، بیانباتە نێو ئەو رێڕەوە ئاوییەی کە گەورەترین رکابەرایەتی نێودەوڵەتی لەسەرە.
لە کاتی گەشتەکەدا، تیمەکە بەردەوام لەژێر چاوی وردی پاسەوانی کەناراوەکاندا بوون، کە چاودێریی ئەو دەریایە دەکەن کە دەگوترێت لە لایەن ئێرانەوە مینڕێژ کراوە، لەنێو ئەو دیمەنانەشدا چەند دۆلفینێک دەردەکەون کە دوای بەلەمەکە کەوتوون.
پەیامنێرەکە دەڵێت: "هەرچەندە تەنیا مەودایەکی کورتمان لە گەشتەکەمان بڕیوە، بەڵام چەندین کەشتیی گیرخواردوومان بینی کە چەندین هەفتەیە لێرە ماونەتەوە."
مەترسیی داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە بە زۆر جیدی دەبینرێت. تاران توانیویەتی ئەم رێڕەوە ئاوییە بە شێوەیەکی کاریگەر وەک چەکێک بەکاربهێنێت و تەنیا رێگە بە کەشتییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی بدات تێپەڕن، بەوەش رێڕەوە گرنگەکەی وزەی لە جیهان دابڕاندووە و نرخەکانی بەرزکردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە تەنیا ئێران ئەم سنوورە ئاوییانەی دانەخستووە، بەڵکو ترەمپیش گەمارۆی بەسەردا سەپاندووە بۆ ئەوەی رێگری لە هەناردەی وزەی ئێران بکات. ئێستا هەر لایەک هەوڵ دەدات وزە وەک گوشارێک لە دژی لایەنی بەرامبەر بەکاربهێنێت، لەم نێوەندەشدا ئابووریی جیهان هاواری لێ هەستاوە.