بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە زیاتر لە 40 هەزار کەسی ئاوارە کردوون
رووداو - غەززە
ئەمیر ئەو كۆرپە تەمەن سێ مانگەیە کە لەگەڵ وەفای دایكی ئاوارەی قوتابخانەیەک بوون، كە دەكەوێتە رۆژئاوای غەززە. ئەمیر یەكەم جاریەتی ئاوارە ببێت، بەڵام دایكی لە ماوەی 13 ساڵدا چوارەم جاریەتی تاڵیی ئاوارەبوون دەچێژێت و ئاوارەبوونی لە هەر چوار وەرزی ساڵ بینیوە و زۆر باش لە نەهامەتییەكانی ئاوارەبوون تێدەگات.
وەفا جوندییە، هاووڵاتیی کەرتی غەززە دەڵێت "كۆرپەكەم تەمەنی سێ مانگە، بەو شیرە وشكەی لەلایەن دەزگای خێرخوازی غەوسەوە وەریدەگرین، شیری پێدەدەم. لێرە دەژین؛ ئاوی پاكمان نییە، خواردن و خواردنەوەمان نییە و شوێنێكی گونجاومان نییە بۆئەوەی تێیدا بحەسێینەوە. ئەم دۆشەك و سەرینانەمان لەژێر داروپەردووی بینا رووخاوەكاندا دۆزیونەتەوە و لەسەریان دادەنیشین. بەهۆی چڕیی بۆردوومانەكانەوە لە ماڵەوە گیرمانخوارد، بەڵام كاتێك ماڵەكەمان كرایە ئامانج و خاپوور كرا، ناچاربووین لە ترسی هێرشەكانی ئیسرائیل رابكەین و ئاوارەیی هەڵبژێرین".
زیاتر لە 40 هەزار ژن، منداڵ، بەساڵاچوو و پەككەوتە تاڵیی ژیان و نەهامەتیی ئاوارەبوون لەنێو قوتابخانەیەکدا دەچێژن كە سەر بە دەزگای خێرخوازیی "غەوس"ە. ئەو دەزگایە هەمووانی لە بەشی رۆژئاوای غەززە كۆكردووەتەوە و بەپێی پێویست هاوكارییە مرۆییە زۆر پێویستەكانیان بۆ دابین دەكات.
ئەحمەد حەلەس، ئاوارەی فەلەستینی دەڵێت "ئاوارەی ئێرە بووین، هەفتەیەكە هەوڵدەدەم خۆم بگەیێنمە ماڵەوە بۆئەوەی چەند كەرەستەیەكی پێویست لەگەڵ خۆم بهێنم، بەڵام ناتوانم. بەهۆی نەبوونی ئاو، هەفتەیەكە سەرم نەشۆردووە. دۆشەك و بەتانیمان بۆ ژن و منداڵەكان دۆزیوەتەوە، خۆشم لەسەر كارتۆن دەخەوم".
یاسر بەنتیجی، ئاوارەی فەلەستینی ئاماژە بەوە دەکات کە خواردن و خواردنەوەیان نییە، "بۆئەوەی كەمێك ئاوی خواردنەوەم دەستبكەوێت تووشی زەحمەتی زۆر دەبم. سوێند بە خودا پارچەیەك نانی وشك نییە بیدەمە منداڵەكانم. دەزگای غەوسیش گوێ بە نەهامەتییەكانمان نادات".
لە دەیەمین رۆژی زیادبوونی گرژییەكان و شەڕ و پێكداداندا، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوەکان بۆ 220 کەس بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا 63 منداڵ، 36 ژن، 16 بەساڵاچوو هەن و 1530 كەسی دیكەش بریندارن.
بەوپەڕی ئارامییەوە ئاوارەكان چاویان لە هێوركردنەوەی دۆخەكەیە، بۆئەوەی كۆتایی بە كۆژانەكانیان بێت و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان كە لە ترسی كوژرانیان ئاوارەییان هەڵبژارد.