حکومەتی ئوردن هۆشداری دەداتە کچێکی سەدام

رووداو- هەولێر

حكومەتی ئوردن هۆشداری دەداتە رەغدی كچی سەدام حوسێنی سەرۆكی پێشووی عێراق و دەڵێت، "دەبێ پابەندی رێککەوتنەکەمان بیت".

رۆژنامەی عەرەبی ئوردنی بڵاویکردووەتەوە، حكومەتی ئوردن رەغدی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی كە لێدوانی رۆژنامەوانی لەبارەی رەوشی ناوخۆیی عێراق نەدات و پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت، كە پێشتر بەڵێنی دابوو هیچ چالاكییەكی سیاسی لەو وڵاتە ئەنجام نەدات.

رۆژنامەكە ئاماژەشی بەوەكرد، كە پارێزەرەكەی رەغد لە بەیاننامەیەكدا رەتیكردووەتەوە كە ناوبراو هیچ لێدوانێكی سیاسی دابیت.

رەغد سەدام حوسێن كە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە عەمانی پایتەختی ئوردن دەژیت، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تۆمەتبار دەكرێت بە پاڵپشتیكردنی ئەو ئاڵۆزییانەی ئێستا لە عێراق روودەدەن.

پێشتریش ناوبراو بە مەرجی بەشدارینەكردن لە هیچ چالاكییەكی سیاسی مۆڵەتی مانەوەی لەو وڵاتە، پێدرابوو.