وەزیری بەرگری ئەمریکا یەکەم گەشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
رووداو - هەولێر
لە سەروبەندی گرژییەکانی سووریا، مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا یەکەمین گەشتی فەرمی خۆی وەک وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاشان ئەوروپا ئەنجام دەدات. پێنتاگۆنیش دەڵێت، سەردانەکەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیە دەبێت.
یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی، وەرگرتنی دوا زانیارییە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە گرنگەکان کە لە ناوچەکەدا ئەنجامدەدرێن، سەقامگیری ناوچەکە، رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش، هەموو ئەوانە هاوکاتن لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئاگربەستی فشۆڵی نێوان تورکیا و ئەمریکا تایبەت بە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
مارک ئیسپەر لەبارەی گەشتەکەی رایگەیاند، "چاوم لەوەیە لەگەڵ هاوتا تورکییەکەم و هەروەها هاوبەشەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانی ناتۆ، کۆببمەوە، تاوەکو جەخت لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی درێژخایەن بۆ کێشەی سووریا بکەینەوە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبارەی سەردانەکەوە دزەی پێکراوە، باس لە ئەگەری سەردانی ئیسپەر بۆ بنکەی سەربازی ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق دەکەن.
سەبارەت بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ئێسپەر دەڵێت، هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا دەکشێنەوە و دەچنە رۆژئاوای عێراق و بەشداریش لە پرۆسەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ناکەن.