وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: هەڵبژاردنی تورکمانێک بە پارێزگاری کەرکووک پەرەسەندنێکی مێژووییە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هەڵبژاردنی محەممەد سەمعان ئاغائۆغڵو، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق وەک پارێزگاری کەرکووک، لە رووی دادپەروەری لە نوێنەرایەتی و ئارامیی کۆمەڵایەتی لە کەرکووک هەنگاوێکی مێژووییە. 
 
وەزارەتەکە، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی نیسانی 2026 راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی محەممەد سەمعان ئاغائۆغڵو، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق وەک پارێزگاری کەرکووک و دەستبەکاربوونی بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، محەممەد سەمعان ئاغائۆغڵو لە رۆژی 16ـی نیسانی 2026 لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە وەک پارێزگار هەڵبژێردراوە و لە 20ـی نیسانی 2026 ـەوە دوای وەرگرتنی متمانەنامەکەی لە سەرۆککۆماری عێراق، بە فەرمی دەستبەکاربووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، ئاماژە بە پێکهاتەی فرە کولتوور و فرەیی کەرکووک کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، دانانی پارێزگارێکی تورکمان بۆ ئەو پۆستە لە رووی پتەوکردنی گشتگیری و ئارامیی کۆمەڵایەتییەوە زۆر گرنگە. 
 
وەزارەتەکە، ئەم هەڵبژاردنەی بە "گەڕاندنەوەی مافێکی رەوای دواخراو بۆ هاووڵاتییە تورکمانەکانمان کە پێکهاتەی رەسەنی عێراق و کەرکووکن" هەژمار کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە گرنگیی دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان لە کەرکووک لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا لەسەر بنەمای رێککەوتن و بەشێوەی خولی کراوە و باس لەوە کراوە، ئەم دۆخە دەستکەوتێکی دادپەروەرانە و یەکسانە بۆ هەموو لایەنەکانی شارەکە. 
 
وەزارەتەکە، هیوای خواستووە ئەم قۆناخە نوێیە ببێتە مایەی ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی عێراق و کەرکووک.
 
رۆژی پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەبێ بەشداریی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و محەممەد سەمعان بە زۆرینەی دەنگ وەک پارێزگاری نوێ دەستنیشانکرا. ئەمەش دوای ئەوەی ڕێبوار تەها، پارێزگاری پێشووی کەرکووک دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.
 
محەممەد سەمعان رۆژی سێشەممە 21 ـی نیسان وەک پارێزگاری کەرکووک بە فەرمی دەستبەکاربوو.