3 کەشتیی گەورە رۆژی چوارشەممە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕین
رووداو دیجیتاڵ
سێ کەشتیی نەوتی زەبەلاح کە ئامانجیان بازاڕەکانی ئاسیایە، رۆژی چوارشەممە بە سەرکەوتوویی لە تەنگەی هورمز پەڕینەوە و بەوەش کۆتاییان بە دوو مانگ چاوەڕوانی هێنا.
بەپێی زانیارییەکانی چاودێریی کەشتییەکان لەلایەن بۆرسەی لەندەن و کۆمپانیای کێپلەر، ئەم کەشتییە نەوتییانە کە بە (VLCC) دەناسرێن، بریتین لە (Universal Winner) بە ئاڵای کۆریای باشوور و هەردوو کەشتیی Yuan Gui Yang و Ocean Lily کە لەلایەن چینەوە بەڕێوەدەبرێن.
ئەو سێ کەشتییە پێکەوە 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی کوێت، عێراق و قەتەر دەگوازنەوە.
ئەم کەشتییانە لە کۆتایی مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئادارەوە لەناو کەنداودا گیریان خواردبوو، ئەوەش دوای ئەوەی جەنگی ئێران هاتووچۆی کەشتییەکانی لە تەنگەی هورمز داخست.
پێش جەنگ، نزیکەی 140 کەشتی رۆژانە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا ژمارەی تێپەڕینی کەشتییەکان دابەزیوە بۆ نزیکەی 10 کەشتی و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نزیکەی 20,000 دەریاوان تائێستا لەناو سەدان کەشتیی پەککەوتوودا لەناو کەنداودا گیربخۆن.