ئێران و ئیسرائیل ئاماری زیانەکانیان بڵاودەکەنەوە؛ زیاتر لە 450 کەس لە هەردوو لا کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
جەنگی ئێران و ئیسرائیل پێ دەنێتە 10ـەیەمین رۆژی. زیانە گیانی و مادییەکانی هەردوو لا زۆرن. ئیسرائیل دەڵێت، 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیان زیانی بەرکەوتووە.
رۆژی 13ـی مانگ ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر ئێران وەڵامی دایەوە. جەنگەکە بەردەوامە و زیانێکی زۆری بە هەردوو لا گەیاندووە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لانیکەم 430 کەس کوژراون و 3500ـی دیکەش بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیلیش کوژرانی 24 کەس و برینداربوونی هەزار و 217ـی دیکەی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران راگەیاندووە.
هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە رێگەی فڕۆکە بوون. لە بەرامبەردا ئێران مووشەک و درۆن بەکاردەهێنێت. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئێران سەروو 950 درۆن و مووشەکی بۆ هاوێشتوون.
جگە لە کوژراو و بریندار، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 8 هەزار و 190 هاووڵاتیی سڤیل ئاوارە بوون.
لەبارەی زیانی ژێرخانی وڵاتەکەش، ئیسرائیل رایگەیاندووە، 25 هەزار و 40 یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان پێگەیشتووە. هەروەها 5 هەزار و 629 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە.
ئیسرائیل دەڵێت، ئامانج لە هێرشەکانیان، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانن و نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. ئێرانیش دەڵێت، سازش بۆ توانا بەرگرییەکانیان ناکەن و وزەی ئەتۆمی بۆ ئاشتی بەکاردەهێنن.