ئێران و پاکستان رێککەوتن و پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانەی دەرەوەی ئێران و پاکستان، بە تەلەفۆن لەبارەی گەڕانەوەی باڵیۆزەکانیان قسەیان کرد و دوای پەیوەندییەکە، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، رێککەوتوون تاوەکو 26-01-2024 باڵیۆزی دوو وڵات بگەڕێنەوە شوێنی کار کردنیان.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران و جەلیل عەباس جەیلانی، وەزیری دەرەوەی پاکستان رۆژی دووشەممە، 22-01-2024 بە تەلەفۆن قسەیان کرد. میدیای ئێران بڵاویانکردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی پاکستان بانگهێشتی هاوتا ئێرانییەکەی کردووە لە 29-01-2024 سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
ئێران رۆژی 16-01-2024 لە رێگەی مووشەکی بالیستییەوە چەند شوێنێکی لە نێو خاکی پاکستان کردە ئامانج و بەهۆیەوە دوو منداڵ کوژران و سێی دیکەش بریندار بوون. رۆژێک دواتر، پاکستان باڵیۆزەکەی لە تاران کشاندەوە و رایگەیاند، رێگە بە گەڕانەوەی باڵیۆزی ئێران نادات.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە، 18-01-2024، وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی دایەوە و بە مووشەک چەند پێگەیەکی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران کردە ئامانج.