سوپای پاسداران: لە شەپۆلی 75ەمی هێرشەکانماندا پەناگەی سەربازانی ئیسرائیلمان پێکاوە
رووداو - هەولێر
سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی شەپۆلی 75ەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستی 4"ی راگەیاند و دەڵێت، تێیدا چەندین ئامانجی سەربازیی ئیسرائیلی و بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکییان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، شەپۆلی 75ەمی ئۆپەراسیۆنەکە بە ناوی "یا فاتیمە ئەلزەهرا" و بۆ یادکردنەوەی عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی پێشووی سوپای پاسداران و ئیسماعیل خەتیب، وەزیری پێشووی هەواڵگری ئێران ئەنجامدراوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەم شەپۆلەدا و بەپێی زانیارییەکانی یەکەکانی هەواڵگریی سوپای پاسداران، "شوێنی نوێی جێگیربوونی سەربازان و پەناگەکانی سوپای ئیسرائیل" لە ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
سوپای پاسداران راشیگەیاندووە، بنکەی ئاسمانیی "شازادە سوڵتان" لە ناوچەی ئەلخەرج (لە سعودیە) کە بە گوتەی ئەوان یەکێکە لە بنکە سەرەکییەکانی هێزە ئەمریکییەکان بۆ ئۆپەراسیۆن دژی ئێران، بە "مووشەکی بالیستی" کراوەتە ئامانج.