جەنگێکی بێ کۆتایی؛ ترەمپ دەتوانێت چی بکات؟
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پلانەکانی ئیدارەی ترەمپ بووایە، دەبوو جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە کۆتایی نزیک بووبێتەوە، بەڵام لە راستیدا هیچ لە کۆتاییەوە نزیک نییە.
دوای سێ هەفتە لە ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، گۆڕەپانی جەنگەکە چیرۆکی هێزێکی باڵادەست دەگێڕێتەوە. هەزاران هێرش ئەنجامدراون، سەرکردە باڵاکان لەنێوبراون، ژێرخانی گرنگ تێکشکێندراون، بەپێی پێوەرەکانی خودی پێنتاگۆن، ئۆپەراسیۆنەکە لەو وادەیەی بۆی دیاری کرابوو، لەپێشترە، بەڵام جەنگەکە بەرەو ئەنجامێک ناچێت، بەڵکو خەریکە دەبێتە شتێکی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر.
ئۆپەراسیۆنێکی کاریگەر، بەپێی پێوەرەکانی خۆی
لە روانگەیەکی تەواو سەربازییەوە، ئۆپەراسیۆنەکە وێرانکەر بووە. زیاتر لە 7,800 ئامانج تەنیا لەلایەن ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج. زیاتر لە 120 کەشتیی دەریایی ئێران لێیان دراوە. سیستمی مووشەکی، کۆگەکانی درۆن، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک، هەموویان بەشێوەیەکی سیستماتیک لاوازکراون. ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل کارەکتەرە سەرەکییەکانی سەرکردایەتیی ئێرانیان لەنێوبردووە، لەنێویاندا کەسایەتییە باڵا ئەمنییەکان و هەواڵگری و بەسیج.
تەنانەت ئاماری قوربانییەکانیش، هەرچەندە تراژیدین، هەستی کۆنترۆڵی پێنتاگۆن بەهێزتر دەکەن. نزیکەی 2,100 کوژراو، لەنێویاندا زیاتر لە 1,300 هاووڵاتیی سڤیل، کە زۆربەیان ئێرانین. قوربانییەکانی ئەمریکا بەراورد بەوە کەمن و تەنیا 13 کەسن، کە هەندێکیان بەهۆی رووداوەوە بوون نەک جەنگەکە. لای فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئەمە وەک سەرکەوتن دەردەکەوێت، بەڵام سەرکەوتن لە چیدا؟
خۆڕاگریی ئێران
سەرەڕای قەبارەی وێرانکارییەکە، ئێران دۆش دانەماوە، بەڵکو خۆی گونجاندووە. ئەوەی دەردەکەوێت دەوڵەتێکی تێکشکاو نییە، بەڵکو دەوڵەتێکە خۆی رێکخستووە، بچووکتر و لامەرکەزیترە و رەنگە لە کورتمەودادا مەترسیدارتریش بێت.
ستراتیژی ئێران گۆڕاوە بۆ جەنگێکی تەواو جیاواز. لەبەر ئەوەی ئێران ناتوانێت رووبەڕووی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببێتەوە، لەجیاتی ئەوەی هێزی خۆی بە هێزی ئەوان بپێوێت، خاڵە لاوازەکان دەقۆزێتەوە.
داهێنانە سەرەکییەکە پێکهاتەییە و بریتییە لە سیستمێکی بەرگریی مۆزاییکی-لامەرکەزی. نزیکەی 30 ناوچەی سەربازیی نیمچە سەربەخۆ بە رێنمایی پێشوەختەوە کاردەکەن. گرنگ نییە ئەگەر سەرکردایەتییەکەش بکوژرێت و فەرماندەیی ناوەندی تێکبدرێت، سیستمەکە لە کارکردن هەر بەردەوام دەبێت. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ: "ئێستا یەکە سەربازییەکانی ئێمە سەربەخۆن و تا رادەیەک دابڕاون، هەروەها لەسەر بنەمای ئەو رێنماییە گشتییانە کاردەکەن کە پێشوەختە پێیان دراوە."
ئەم دۆخە، دژیەکییە سەرەکییەکەی شەڕەکە رووندەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە وڵاتێک بەشێکی زۆری توانای سەربازیی خۆی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا لە گۆڕەپانی جەنگدا یاری دەکات.
ئەو تەنگەیەی هەموو شتێکی گۆڕی
ئەگەر شەڕەکە خاڵێکی وەرچەرخانی هەبێت، ئەوا سەرکەوتنێک لە گۆڕەپانی شەڕدا نییە، بەڵکو خاڵێکە بۆ خنکاندنی تەواوی گۆڕەپانی جەنگ، ئەو خاڵەش تەنگەی هورمزە.
ئێران توانیویەتی هورمز بکاتە کاریگەرترین چەکی خۆی، نەک لەڕووی باڵادەستییەوە، بەڵکو لەو رووەوە کە توانیویەتی لە رێگەی هورمزەوە دۆخەکە لە ئەمریکا و ناوچەکە و جیهان تێکبدات.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، ئێران توانیویەتی بە مین و مووشەک و بەلەمی خێرا، لە نزیکەی 20 کەشتیی نەوتهەڵگر بدات. ئەنجامەکەی تەنیا زیان نییە، بەڵکو رێگریکردنە. گواستنەوەی کەشتییەکان خاودەبێتەوە، نرخی بیمە بەرزدەبێتەوە و بازرگانیی جیهانی شەل دەبێت. تەنانەت کەمترین تواناش، زۆرترین کاریگەری دروست دەکات.
ئەمە ناهاوسەنگییەکە بە روونی دەخاتەڕوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت 99٪ی هەڕەشەکان لەنێوببات، بەڵام ئێران تەنیا پێویستی بە 1٪ هەیە بۆ ئەوەی ئابووریی جیهانی پەک بخات. ئەوەی پێشتر هەڵمەتێکی سەربازی بوو، ئێستا بووەتە قەیرانێکی ئابووری.
هەڵەیەک، نەک سوپرایز
سیناریۆی تەنگەی هورمز لای ئەمریکا پێشبینینەکراو نەبوو. هەواڵگری و سەرکردایەتیی سەربازیی ئەمریکا زۆر پێشتر ئاماژەیان پێکردبوو. خاڵە لاوازەکە مێژووییە و بۆ چەندین دەیە دەگەڕێتەوە. ئەوەی وا دەردەکەوێت کە بە هەڵە هەژمارکرابێت، تەنیا کات و مەبەستە.
پلاندانەرانی ئەمریکی پێشبینییان نەدەکرد ئێران بەم خێراییە و بەم شەڕەنگێزییە شەڕەکە بۆ شەڕی ئابووری پەرەپێبدات. هەروەها پێشبینیی ئەو خێراییەیان نەکرد کە ئێران دەوڵەتانی دراوسێی پێ دەکاتە ئامانج و ململانێکە لەسەر ئاستی هەرێمی فراوان دەکات.
ئەنجام: ئەمریکا چووە ناو شەڕەکەوە بەبێ ئەوەی کەلوپەلی دەریایی پێویستی لە شوێنی خۆیدا هەبێت بۆ پاراستنی تەنگەکە. سەرەڕای ئەوەش هیچ هاوپەیمانێتییەکی پێشوەختە نەکرابوو، کە ئامادەبێت پشتگیریی ئەو ئەرکە بکات.
ئێستا، ئیدارەی ترەمپ تەنگاو بووە و لە رووی دیپلۆماسی و سەربازیی و ستراتیژییەوە خەریکی قەرەبووکردنەوەیە.
بژاردەکانی ترەمپ مەترسیدار و ئاڵۆزن
ئەوەی ئەم ساتە بۆ ئیدارەی ترەمپ مەترسیدارتر دەکات، نەبوونی رێگەیەکی روونە بۆ دەربازبوون. ئەو بژاردانەی لەبەردەم ترەمپدان، چارەسەر نین، بەڵکو گرەوی مەترسیدارن و دەرەنجامی چاوەڕواننەکراوی خۆیان هەیە.
بژاردەی یەکەم: گەرووەکە کۆنترۆڵ بکە و مەترسییەکەش لە ئەستۆ بگرە
ئەگەر تەنگەی هورمز بە پەککەوتوویی بمێنێتەوە، لێکەوتە ئابوورییە جیهانییەکەی دەتوانێت دەستکەوتە سەربازییەکان پەراوێز بخات. چارەسەری پێشنیازکراو سیستمی یاوەریکردنی دەریاییە، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، کە رەنگە لەلایەن کەشتیگەلی هاوپەیمانانەوە هاوکاری بکرێن، رێنوێنیی تانکەرە بازرگانییەکان دەکەن لە یەکێک لە مەترسیدارترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهاندا.
لەسەر کاخەز، کارەکە ئاسان دیارە، بەڵام ئۆپەراسیۆنێکی بەردەوام و پڕ مەترسییە. هەموو گواستنەوەیەک دەبێتە رێڕەوێکی کراوە بۆ مین، مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەلەمی بچووکی خێرا کە چەکداریان هەڵگرتووە.
تەنانەت بە سیستمی راداری پێشکەوتوو و پشتیوانیی ئاسمانیش، هەر ئاڵۆزە. یەک هێرشی سەرکەوتووی ئێرانی، لێدانی یەک تانکەر، زیانگەیاندن بە یەک کەشتی، دەتوانێت متمانە بە تەواوی سیستمەکە بڕووخێنێت. دواجار کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و بیمە، نەک حکومەتەکان، بڕیار دەدەن کە ئایا مەترسی هەیە یاخود نا. ئەمە چارەسەر نییە، بەڵکو قومارێکی بەردەوامە.
بژاردەی دووەم: دوورگەی خارگ کۆنترۆڵ بکە
بژاردەی دووەم لە بەرگرییەوە بۆ ناچارکردن دەگۆڕێت. دوورگەی خارگ ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، نزیکەی 90٪ی بەرهەمی نەوتی ئەو وڵاتە لە رێگەی ئەو دوورگەیەوە دەکرێت. بیرۆکەکە روونە، کۆنترۆڵی بکە بۆ ئەوەی شادەماری ئابووری ئێران بخنکێنێت، بەڵام جێبەجێکردنەکەی هەرگیز سادە نییە.
بۆ گەیشتن بەوێ، هێزەکانی ئەمریکا سەرەتا دەبێت بە هەمان ئەو تەنگە کێشەلەسەرەدا تێپەڕن. پاشان ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی و وشکانی لەبەرچاوی هەموو جیهان روودەدات، کە دەرەنجامەکەی نادیارە. تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش بێت، ئەرکەکە بە گرتنی دوورگەکە کۆتایی نایەت، بەڵکو لەوێوە دەستپێدەکات.
هێزەکانی ئەمریکا پێویستیان بەوە دەبێت بەرگری لە دوورگەکە بکەن لە بەرامبەر هێرشی پێچەوانە لەنێو خاکی ئێرانەوە. مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەرچییەک لە جبەخانەی ئێراندا مابێتەوە، لەسەر یەک ئامانجی کراوە چڕ دەکرێنەوە.
مەترسییەکی گەورەتریش هەیە: ئەگەر لەکاتی هێرش یان شەڕی دواتردا زیان بە ژێرخانی نەوت بگات، تەواوی مەبەستە ستراتیژییەکە تێکدەچێت، لە هەمان کاتدا شۆکێک لە بازاڕی جیهانیدا دروست دەکات. ئەم بژاردەیە لە تیۆریدا گوشار دروست دەکات، بەڵام لە واقیعدا دەتوانێت بەرەیەکی نوێی جەنگ دروست بکات.
بژاردەی سێیەم: هێرش بکە سەر ناوەندی ئەتۆمی
یەکێک لە پاساوە سەرەکییەکانی جەنگەکە، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانە، بەتایبەتی کۆگەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئەسفەهان. دوو رێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەسفەهان هەن. یەکەمیان بەردەوامبوونە لە بۆردوومانکردن، ئەویش بە بەکارهێنانی تەقەمەنیی بەهێز و قورس بۆ ناشتنی ماددە پیتێنراوەکە لەژێر زەویدا. ئەمە لە رووی سەربازییەوە بژاردە سەلامەتەکەیە، بەڵام هەمیشەیی نییە. پشت بە چاودێریی بەردەوام و ئەو گریمانەیە دەبەستێت کە دەکرێت هەر هەوڵێکی داهاتوو بۆ دەرهێنانەوەی لە کاتی خۆیدا رابگیرێت.
رێگەی دووەم بریتییە لە ناردنی هێزی وشکانی. تیمی پسپۆڕ دەچنە ناو توونێلە ژێرزەوییەکان، شوێنی یۆرانیۆمەکە دەدۆزنەوە و دەری دەهێنن یان پووچەڵی دەکەنەوە. ئەمە تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نییە، بەڵکو ئۆپەراسیۆنێکی تەکنیکیشە و پێویستی بە شارەزایانی ئەتۆمی هەیە کە لەگەڵ هێزە تایبەتەکەدا بن. مەترسییەکانی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە بەخێرایی کەڵەکە دەبن. پێویستە شوێنەکە لەلایەن سەدان سەربازەوە کۆنترۆڵ بکرێت. هێزەکانی ئێران بە دڵنیاییەوە بە تووندی بەرگری لێدەکەن. ماددەکە خۆیشی مەترسیدارە، زیانگەیاندن بە یەک کۆنتەینەر دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی و تیشکدەر.
ئەمە ئەو جۆرە ئەرکەیە کە ئەگەر هەڵەی تێدا بکرێت، تەنیا شکست ناهێنێت، بەڵکو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
بژاردەی چوارەم: سەرکەوتن رابگەیێنە، بەڵام پێناسەکەی بگۆڕە
بژاردەی کۆتایی لە رووی سەربازییەوە کەمتر دراماتیکییە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە ئاڵۆزترینە.
ترەمپ دەتوانێت ئەو بژاردەیە هەڵبژێرێت و ئیدی لە شوێنێکدا بوەستێت. ئۆپەراسیۆنەکە وەک سەرکەوتنێک وێنا بکات. ئاماژە بە لاوازکردنی توانای سەربازی، لەنێوبردنی سەرکردایەتی و کەمکردنەوەی هەڕەشەی هەرێمی بکات. بە واتایەکی دیکە، ئامانجەکە دووبارە پێناسە بکەرەوە و بکشێوە، بەڵام جەنگەکان کۆتاییان نایەت تەنیا لەبەر ئەوەی لایەنێکی جەنگ وادەڵێت.
ئێران توانای هێرشکردنی دەمێنێت، ئەویش لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە، یاخود لە رێگەی هێرشی هەرێمییەوە، یان رەنگە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی نهێنی لە دەرەوەی گۆڕەپانی جەنگ. لە هەمان کاتدا، ئیسرائیل رەنگە ئامادە نەبێت بوەستێت، بەتایبەتی ئەگەر ببینێت ئامانجی تەواونەکراوی هەیە.
راگەیاندنی سەرکەوتن رەنگە مەترسیی دەستبەجێ کەم بکاتەوە. یان رەنگە وەهمی کۆتاییهاتن دروست بکات، لە کاتێکدا ململانێکە تەنیا شێوەی خۆی دەگۆڕێت بۆ قۆناخێکی درێژتر و کەمتر پێشبینیکراو.
ئەوەی هەموو ئەو بژاردانە پێکەوە دەبەستێتەوە تەنیا مەترسی نییە، بەڵکو نادڵنیاییە. هیچ کامیان گەرەنتی ئەوە ناکەن کە ئێران دەوەستێت. هیچ کامیان دڵنیایی نادەن، کە تەنگەکە بە تەواوی دەکرێتەوە. هیچ کامیان دۆخێکی کۆتایی روون و سەقامگیر بەدەستەوە نادەن.
ئەمە داوە ستراتیژییەکەیە کە دۆخەکەی بۆ ئەمریکا مەترسیدار کردووە. باڵادەستیی سەربازی بژاردەی دروستکردووە، بەڵام چارەسەری نەهێناوەتە ئاراوە.
وەهمی گۆڕین
یەکێک لە پاساوەکان هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە بریتی بوو لە "گۆڕینی رژێم". ئەو بانگەشانە بە بێدەنگی پاشەکشەیان کردووە. هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نییە کە ئۆپەراسیۆنی ئێستا بتوانێت ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنێت. لەنێوخۆی ئێراندا هیچ جیابوونەوەیەکی بەرفراوان نییە، هیچ داڕووخانێکی نێوخۆیی نییە، هیچ راپەڕینێکی جەماوەریش نییە. بەڵکو ئاراستەیەکی پێچەوانە دەردەکەوێت ئەویش یەکگرتنە.
ئەوەی لەنێو دەسەڵات و سیستمی ئێراندا ماوەتەوە، تووندتر دەردەکەوێت و ئامادەیی زیاتریشی هەیە بۆ خۆڕاگری. شەڕەکە دەسەڵاتی لاواز کردووە، بەڵام ئیرادەی بەهێز کردووە.
لەنێو دڵی ئەم ململانێیەدا، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە. ویلایەتە یەکگرتووەکان ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە سەرکەوتنێکی پێوانەیی جێبەجێ دەکات. بەڵام ئەمریکا هێشتا بەدوای ئامانجی سیاسییەوەیە کە هێشتا پێناسە نەکراون و لە زۆر باریشدا رەنگە لەگەڵ یەکدیدا نەگونجێن.
کۆتاییەکی نادیار
ئێستا جەنگەکە لە شوێنێکی مەترسیداردا چەقی بەستووە. زۆر سەرکەوتووە بۆ ئەوەی پاساو بۆ فراوانکردن هەبێت بەبێ هیچ مەترسییەک. زۆریش ناتەواوە بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی خاوێن رابگەیێندرێت. زۆر تێکدەریشە بۆ ئەوەی پشتگوێ بخرێت. پەیامەکانی دۆناڵد ترمپ تاوەکو ئێستا روون نین. هەر لە سەرەتاوە ترەمپ گوتی پێشبینی دەکرێت شەڕەکە "چوار بۆ پێنج هەفتە" بخایێنێت، بەڵام رەنگە "هەرچەندێکی پێویست بکات" بەردەوام بێت.
ئێران، سەرەڕای زیانەکانی، هێشتا کاریگەریی ئابووری و ستراتیژی و دەروونیی هەیە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرەڕای باڵادەستییەکەی، رووبەڕووی بەربەستی سیاسی، لۆجستی و هەڵکشان و بەربەستی جیهانییش دەبێتەوە. ئەمە چیتر پرسی توانای سەربازی نییە، ئەو رکابەرییە یەکلابووەتەوە. بەڵکو پرسی یەکگرتوویی ستراتیژییە. تاوەکو ئەوە پێناسە نەکرێت، جەنگەکە بەردەوام دەبێت، نەک لەبەر ئەوەی دەبێت وابێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی کەس بڕیاری نەداوە چۆن دەبێت کۆتایی بێت.