ئیسرائیل: لە ئەنجامی هێرشێکی حیزبوڵڵا کەسێک کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی فریاگوزاریی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی لە نزیک سنووری باکووری ئیسرائیل، کەسێک کوژراوە. ئەمە یەکەمین گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییە لە ئەنجامی هێرشی حیزبوڵڵاوە لەو کاتەوە لە 2ی ئەم مانگەوە شەڕی ئیسرائیل و ئەو گرووپە چەکدارییەی لوبنان دەستی پێکردووە.
فریاگوزاریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک بە "مووشەکێکی ئاراستەکراو لە لوبنانەوە" پێکرا، گیانلەدەستدانی ئەو کەسە پشتڕاستکرایەوە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکەش رایانگەیاند، دوو ئۆتۆمبێل گڕیان گرتووە.
تیمە پزیشکییەکانی فریاگوزاریی ئیسرائیل رایانگەیاند: "کاتێک گەیشتینە شوێنی رووداوەکە، بینیمان دوو ئۆتۆمبێل گڕیان گرتووە. لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، پیاوێکمان لەسەر کورسیی شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بینی، پشکنینمان بۆ کرد و هیچ نیشانەیەکی ژیانی تێدا نەبوو، بۆیە مردنەکەی راگەیێندرا."
پێشتر سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "هاوێشتنی مووشەکێکیان لە لوبنانەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە سنووری باکوور" تۆمار کردووە.
دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوژرانی ئەو کەسە، حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو ئەنجامدەری هێرشە مووشەکییەکەیە کە گوایە کۆبوونەوەی ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی کردوەتە ئامانج.
لە 2ی ئەم مانگەدا حیزبوڵڵا بە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ باکووری ئیسرائیل چووە نێو جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و لەو کاتەوە جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و ئەو گرووپە چەکدارە دەستی پێکردوەتەوە.